Skip to the content
Menu

لیژنەی هاوبەشی پەرلەمان راپۆرتی مەیدانی لەسەر خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكەن

لەسەر داواكاری سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ماوەی رۆژانی یەکشەممە ٢٠ و دووشەممە ٢٠٢٠/١٢/٢١، سێ لیژنەی پەرلەمانی كەپێكهاتوون لەئەندامانی لیژنەكانی كاروباری یاسایی، كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكيكردن لەمافی مرۆڤ و ناوخۆو ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەكان، لەهەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆكانی راپەڕین و گەرمیانن، بۆ بەدواداچوونی تایبەت بەخۆپیشاندانەكانی ماوەی رابردووی ئەو ناوچانە.

بەپێی كارنامەی ئەندامانی لیژنەكان سێ لیژنەی لاوەكیان لێدروستكراوە بۆ ئەوەی بتوانن لەماوەی دیاریكراودا لەگەڵ یەكە ئیداریی و ئەمنیەكان و كەس و كاری شەهیدانی خۆپیشاندانەكان لایەنە سیاسیەكان كۆببنەوە، و لە هۆكار و سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكان بكۆڵنەوە، هەروەها سەردانی مەیدانی ئەو ناوچانە بكەن كە خۆپیشاندانەكان تێدا ئەنجامدراون.

لەماوەی دوو رۆژی سەردانی هەرسێ لیژنەكە بۆ چەندین ناوچەی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین و كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە ئیداریەكان و لایەنە سیاسیەكان و كەس و كاری شەهیدانی خۆپیشاندانەكان و سەردانی مەیدانی بۆ ئەو شوێنانەی خۆپیشاندانی تێدا ئەنجامدرا، سەرنج و پێشنیار و راگۆڕینەوەی پێویست ئەنجامدرا.

بۆ ئەم مەبەستە سەرجەم داواكاری و پێشنیاریەكان لە رێگەی راپۆرتێكی ورد ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت. ئەندامانی لیژنەكان باسیان لەوەكرد، لە چوار چێوەی یاسا بەركارەكان خۆپیشاندانی مەدەنیانە مافی هەر تاكێكە ئەنجامی بدات دوور لە توندوتیژی و هێرش بۆ سەر دامەزراوە گشتیەكان و کەسییەکان، بۆیە پێویستە هێزە ئەمنیەكانیش بەگوێرەی یاساو رێنمایەكان مامەڵە بكەن و دامەزراوەكانی حكومەت و حزبی و كەسیەكان بپارێزن، وەك چۆن خۆپیشاندەرانیش دەپارێزن و رێگە نەدەن هیچ توتدوتژیەك رووبدات.