لیژنەی كشتوكاڵ لەگەڵ سەرۆككۆماری عێراق و وەزیری بازرگانی كۆبووەوە
بۆ گەیاندنی داواكاری و چارەسەركردنی كێشە كشتوكاڵییەكان، ئەمڕۆ چوارشهممه 2020/12/9، شاندێكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لەپەرلەمانی كوردستان، بەسەرۆكایەتیی عەبدولستار مەجید سەرۆكی لیژنەو ئهندامیهتیی سەفین ئاغا عومەر بڕیاردەری لیژنەكهو جنان جەبارو عوسمان كەریم سوارە، ئەندامانی لیژنەکە لەشاری بەغدا لەگەڵ د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆككۆماری عێراق و عەلاء جبووری وەزیری بازرگانیی عێراق كۆبووەوە.
لیژنەكە لەسەرەتادا، ئامانجی سەردانەکەیان بۆ سەرۆككۆمار خستەڕوو كەبۆ بەدواداچوون و هەوڵدانە لهگهڵ بهغدا بۆ خەرجكردنی پارەی گەنمی جووتیارانى ههرێم.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا سەرۆككۆمار راستەوخۆ پەیوەندیی كرد بەوەزیری بازرگانیی عێراق و داوای لێكرد لەگەڵ لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستان ئەو بابەتە چارەسەر بكەن.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەشدا، سەرۆككۆماری عێراق هەموو پشتیوانییەكی بۆ هەوڵەكانی لیژنەكەی پەرلەمانی كوردستان خستەڕوو.
لەهەمان ڕۆژو لەدیدارێکی تردا لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لەپەرلەمانی كوردستان لەگەڵ عەلاو جبووری وەزیری بازرگانیی عێراق كۆبووەوە .
لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا عەبدولسار مەجید سەرۆكی لیژنەكەى پهرلهمان دوای خستنەڕووی ئامانجی سەردانەكەیان بۆ شاری بەغدا، رایگەیاند: "شایستە داراییەكانی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵەكانی (٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦) تائێستا لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە خەرج نەكراوە، بۆیە هاتوون تاوەكو ڕەزامەندی لەسەر خەرجكردنی بدەن كەمافێكی ڕەوای جووتیارانە".
لەبەشێكی دیكهی كۆبوونەوەكەدا لیژنەكە بەوەزیری بازرگانیی راگەیاند کەپارەی گەنمی جووتیاران بۆ ئەو سێ ساڵە بڕی (٥٥٧) ملیار دینارەو پێویستە ئەو مافە بگەڕێنرێتەوە بۆ جووتیارانی هەرێمی كوردستان.
پاشان عەلاء جبووری وەزیری بازرگانیی عێراق خۆشحاڵیی خۆی بهسەردانی شاندی لیژنەکەی پەرلەمانی كوردستان دەربڕی و ڕایگەیاند: "پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ئەو سێ ساڵە لەوەزارەتی بازرگانییەو پارێزراوەو ماوەتەوە سەر دیاریكردنی میكانیزمێك بۆ خەرجكردنی".
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەشدا بڕیاردرا سەرەتای هەفتەی داهاتوو، وەزیری بازرگانیی عێراق سەردانی سەرۆككۆماری عێراق بكات و بەیەكەوە لەسەر دیاریكردنی میكانیزمێكی گونجاو بۆ خەرجكردنی شایستە داراییەكانی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بەشێوەی (قۆناغبەندی) ڕێكبكەون.