Skip to the content
Menu

لیژنەی كشتوكاڵ بەجیا لەگەڵ وەزیری بازرگانی حکومەتی هەرێم و نوێنەرانی خەڵكی ناحیەی سەرگەڕان و پەلكانە كۆبوونەوە

بەمەبەستی لەنزیگەوە ئاگاداربوون لەكێشەو گرفتەكانی جووتیارانی سەرگەڕان و پەلكانە، ئەمڕۆ سێشەمە 2020/12/15، لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری، بەسەرپەرشتیی عەبدولسەتار مەجید سەرۆكی لیژنەو ئامادەبوونی ژمارەیەك لەئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكە لەگەڵ نوێنەرانی ناوچەكە كۆبووەوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا، لیژنەی كشتوكاڵ گوێیان لەكێشەو گرفتەكانی جووتیارانی سەرگەڕان و پەلكانە گرت، كەماوەیەكە هەوڵێك هەیە بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەویيەكانی جووتیارانی كورد.

لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا نوێنەرانی خەڵكی ناوچەكە بەوردی هێنانی عەرەب و تەعریبكردنی ناوچەكەیان بۆ لیژنەكە خستەڕوو، بۆیە داویانكرد لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لەپەرلەمانی كوردستان پشتگیريیان بكەن و كێشەكانیان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار چارەسەر بكەن.

لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری بەڵێنی بەخەڵكی ناوچەی سەرگەڕان و پەلكانە دا كەداواكارییەكانیان بگەیەننه لایەنی پەیوەندیدار. جێگای ئاماژە بۆ كردنە لەساڵی 1976 حزبی بەعسی لەناوچوو (42) گوندی لەسنوری ناحیەی سەرگەڕان دابڕاند لەكەندێناوەو ناوەكەی گۆڕی بۆ ناحیەی قودس، ئەمەش لەكاتێكدایە لەكۆی (42) گوند تەنیا (2) گوندی عەرەبی ڕەسەنن.

لەتەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لەگەڵ وەزیری بازرگانی و پیشەسازيی حكومەتی هەرێم كۆبۆوە بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر سەردان و هەوڵەكانی لیژنەی كشتوكاڵ بۆ بەغدا سەبارەت بەچارەسەركردنی كێشەو گرفتی جووتیاران و شایستە داراییەكانی گەنمی جووتیارانی هەرێم بۆ ساڵەكانی (2015 و 2016 و 2017).