لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا تاوتوێی هەردوو پێشنیازی یاسای زانكۆ تایبەتەكان و پەروەردە دەكات
بەمەبەستی دەوڵەمەندكردنی هەردوو پێشنیازی یاسای زانکۆ تایبەتەکان و پەروەردەو خوێندن لەهەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێشهممه 2020/12/15، لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، بەسەرپەرشتيی عبدالسلام دۆلەمەری سەرۆكی لیژنەو ئامادەبوونی جێگرى سەرۆكی لیژنەو ئەندامان و راوێژكارانی لیژنەکە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیی ئەنجامدا.
لەسەرەتای كۆبوونەوەكە گفتوگۆكرا لەسەر هەردوو پڕۆژە پێشنیازی یاسای زانكۆ تایبەتەكان و پێشنیازی یاسای پەروەردەو خوێندن لەهەرێمی كوردستان. دواى گفتوگۆكردن بڕیاردرا كە لەئایندەیەكی نزیكدا بۆ دەوڵەمەندکردنی هەردوو پێشنیازەیاساکە وۆرك شۆپێك ئەنجام بدرێت، بەمیوانداريی سەرۆكی زانكۆ تایبەتەكان و لایەنە پەیوندارەكان.
تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە گفتوگۆو وەڵامدانەوەی ئەو نوسراو و یاداشتانەبوو كە ئاراستەی لیژنەكە كرابوون، دوای تاووتوێکردنیان رێكاری پەیڕەوی گیرایەبەر بۆ وەڵامدانەوەیان.