Skip to the content
Menu

لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی چه‌ند پرسێكی گرنگی تاووتوێ كرد

بەمەبه‌ستی تاووتوێکردنی چەند پرسێکی تایبەت بەكارى لیژنەكه‌، ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/12/23، لیژنەى ئەوقاف و کاروباری ئاینی، بەسەرپەرشتیی د.ھەورامان حمەشریف سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنەو بریاردەرو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌ کۆبووەوه‌.
له‌کۆبوونەوەكه‌دا، باس لە دواکۆبوونەوەی لیژنەكه‌ لەگەڵ ھەریەک لەوەزارەته‌كانی ئەوقاف و خوێندنی باڵاو پەروەردە کرا، کەتایبەت بوو به‌تاووتوێکردن و چارەسەرکردنی کێشەو گرفتی قوتابیانی ئاینی لەھەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەو گرفتی مامۆستایانی ئاینی، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەست بووبێت بەخوێندنی ماستەرو دکتۆرا، سه‌باره‌ت بەو پرسە لیژنە بریاریدا بەردەوام بێت له‌ بەدواداچوونه‌كانی بۆ چارەسەری کۆتایی سەرجەم ئەو کێشەو گرفتانە.
سه‌باره‌ت به‌پێدانی نازناوى زانستی به‌هه‌ڵگرانی بڕوانانه‌ى باڵا (ماسته‌رو دكتۆرا)، پێشنیازكرا به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروبارى ئاینی كار له‌سه‌ر ده‌رچوواندنی په‌یڕه‌وێكی تایبه‌ت بۆ مامۆستایانی ئاینی و فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف له‌هه‌ڵگرانی ماسته‌رو دكتۆرا بكرێت.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر داواكاریى كۆلێجی زانسته‌ ئیسلامییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ده‌رچووانی كۆلێجه‌كه‌ كراو لیژنه‌كه‌ش پشتگیریی خۆی بۆ داواكارییه‌كانیان ده‌ربڕی.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا پێشنیاز كرا له‌ساڵی داهاتوودا مه‌ڕاسیمێكی رێزلێنان بۆ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ ساز بكرێت كه‌ هه‌ڵساون به‌ته‌فسیرو ماناكردنی قورئانی پیرۆز به‌زمانى كوردی و بڵاویان كردۆته‌وه‌ كه‌به‌مه‌ بۆشاییه‌كی گه‌وره‌یان له‌ كتێبخانه‌ى كوردى پڕ كردۆته‌وه‌.