شاندێكی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی سەردانی سەرۆكی ئەبریشییەی كلدانی و ئەسقوفییەی كەنیسەی رۆژھەلاتی ئاشوورى دهكات
ئهمڕۆ دووشەمە 2020/12/14، شاندێكی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، كەپێكھاتبوو لە مەلا ئیحسان محەمەد سهلیم جێگری سهرۆكی لیژنهو وەیسی سەعید وەیسی بریاردەری لیژنەو فهیسەل عهباس ئەندامی لیژنەكه، بەیاوەریی جنان جبار بۆیا ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسهر لیستی ھاوپەیمانیی یەكێتیی نەتەوەیی، لەشارۆچكەی عنكاوە بەجیا سەردانی ھەریەك لەبەڕێزان مەتران بەشار مەتی وەردە سەرۆكی ئەبریشییەی كلدانیی ھەولێرو مار ئەبرێس یوحنا سەرۆکی ئەسقوفییەی كەنیسەی رۆژھەڵاتی ئاشووریی ئەبرەشییەی ھەولێرى كرد.
لەدیدارەكاندا باس لەڕەوشی پێكەوەژیانی ئاینی لەكوردستان كرا، كەبۆته مەڵبەندی بەیەكەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی و بەھای بەرزی مرۆڤایەتی لەسەر ئاستی جیھان و مهسیحییەكانى كوردستان-یان بەبەشێكی گرنگی ھەرێمی كوردستانییان داناوەو رۆلی پیاوانی ئاینی بەرزنرخێندرا لەقووڵكردنەوەی كلتووری پێكەوەژیان لەھەرێمی كوردستان، ھەروەك دووپاتی پاڵپشتی و پشتیوانیی لیژنەی ئەوقاف كرایهوه لەپێناو بایەخدانی زیاتر بەڕەوشی پێكەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی لەھەرێمی كوردسان و ستایشی رۆلی پەرلەمانى كوردستان كرا لەبەرجەستەکردنی بیرۆکەی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەو یاساو بڕیارانەی کەپەسەندی کردوون و پەیوەستبوون بەفەراهەمکردن و پارێزگاریکردن لەمافی پێکهاتەکان لەهەرێمی کوردستاندا.
ههر لهدیدارهكهدا ھەردوولا جەختیان لەسەر ھەماھەنگی و كاری پێكەوەیی كردەوە بۆ زیاتر بڵاوكردنەوەی ھۆشیاریی پێكەوەژیان لەھەرێمی كوردستان تاھەمیشەكوردستان بەشوێنی پێكەوەژیانی ئاشتییانهی نێوان سهرجهم پێكھاتەكان بمێنێتەوە .
لهبهشێكی دیكهی دیدارهكاندا كفتوگۆ لەسەر چەند داواكاری و پێشنیازێك كراو سوپاسی سەردانی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینى كرا.