Skip to the content
Menu

لیژنەی دارایی تاووتوێی پرسی دابەزینی نرخی دیناری عێراقی به‌رامبه‌ر به‌دۆلار دەكات

بەمەبەستی تاووتوێكردنی پرسی دابەزینی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر به‌ دۆلاری ئەمریكی و كاریگەرییەكانی له‌سه‌ر گرانبوونی بازاڕو گفتوگۆكردن لەسەر رێژەی باج، ئەمڕۆ سێشەممە 2020/12/22، لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری، بەسەرپه‌رشتیی زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەو ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكه‌ كۆبووەوە.
سەرەتا كارنامەی كۆبوونەوەكه‌ خوێندرایەوە كە تایبەت بوو بەتاووتوێكردنی پرسی دابەزینی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر به‌ دۆلاری ئەمریكی و كاریگەرییەكانی له‌سه‌ر گرانبوونی بازاڕو گفتوگۆكردن لەسەر رێژەی باج.
سەباره‌ت به‌پرسی دابەزینی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر به‌دۆلاری ئەمریكی گفتوگۆی ورد كراو لیژنەكه‌ پێیان وابوو كه‌ له‌و بڕیاره‌ى بانكی ناوه‌ندی عێراقدا رەچاوی چینی هەژاران نەكراوەو به‌هۆی ئه‌و بڕیاره‌وه‌ زیانیان بەردەكەوێت.
لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا لیژنەكه‌ پێشنیازی ئه‌وه‌ دەكات لەبەرئەوەی هەرێمی كوردستان بەگوێرەی داهاتی حكومەت خۆی دەگونجێنێت بۆ پێدانی مووچەی مانگانەو گرانبوونی بازاڕ دەبێ بیر لەپێداچوونەوە بەسیستەمی وەرگرتنی باج بكرێت، بەشێوەیەك له‌ رێگەی كەمكردنەوەی باج و هاوسەنگی بازاڕ رابگیرێت تاوەكو چینی هەژارانیش توانای بازاڕكردنیان هەبێت.
هه‌روه‌ها چەند پێشنیازێك گفتوگۆی لەسەر كرا، له‌وانه‌ كەمكردنەوەی باج لەسەر خۆراك و كەلوپەلی رۆژانەی هاووڵاتییان و چاودێریكردنی وردی بازاڕ لەلایەن وەزارەتی بازرگانی بۆئەوەی رێگە لەبەرزبوونەوەی نرخ بگرن، رێگه‌نه‌دان به‌به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخی سووتەمەنی و هەریەك لەوەزارەتەكانی شارەوانی و گەشتوگوزار، كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و بازرگانی و پیشەسازی بایەخ بەبەرهەمی ناوخۆیی بده‌ن.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری پاڵپشتیی خۆیان بۆ گفتوگۆكانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایه‌تیی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەبەغدا بۆ بەدەستهێنان و چەسپاندنی ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان لەپڕِۆژە بودجەی ساڵی 2021و یاسای قەرز ده‌ربڕی.