Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕه‌وه‌ندی كوردستانى پێشوازى له‌شاندێكی باڵای پەرلەمانی بەلجیکا ده‌كات

پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2020/12/9، لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕه‌وه‌ندى كوردستانى، بەسه‌رۆكایه‌تیی د.ڕێبوار بابكه‌یى سه‌رۆكى لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و راویژكارى لیژنه‌كه‌، پیشوازیی لەشاندێکی باڵای پەرلەمانی بەلجیکا، بەسەرۆکایەتیی جۆرج دالیمانک سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانى به‌لجیكاو شاندێكى یاوه‌رى كرد.
سه‌ره‌تا سه‌رۆكى لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕه‌وه‌ندى كوردستانى به‌خێرهاتنێكى گه‌رمى شاندى ناوبراوى كردو پاشان ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ى به‌شاندى میوان ناساندو ته‌وه‌رى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى كرده‌وه كه‌بریتى بوو لەقسەکردن لەسەر چۆنیەتیی دروستکردنی پەیوەندی له‌نێوان پەرلەمانی هەردوولادا، هه‌روه‌ها ئاماژه‌یدا به‌پشتیوانیى وڵاتى به‌لجیكا بۆ گه‌لى كوردستان و سوپاسى مانه‌وه‌ى هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ى‌ له‌عێراق كرد.
جێگه‌ى ئاماژه‌پێكردنه له‌و دیداره‌دا زۆر بابه‌ت و پرسیارو گفتوگوى باشى لێكه‌وته‌وه‌و هەردوولا هیوایان خواست کە ئەو جۆره سه‌ردانانه په‌ره‌ى پێبدرێت و ببێته سه‌ره‌تایه‌كى باش بۆ به‌هێزكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ردوولا.
لەکۆتاییدا هەردوولا جەختیان لەدروستکردنی گرووپی هەڤاڵبەندیی نێوانیان کردەوەو پێیان باشبوو کۆنگرەیەک بۆ هەڵوەستەکردن لەسەر ڕەوشی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداو بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن حکومەتی عێڕاقەوە بەڕێوە بچێت، لەو ڕووەوە شاندی میوان پاڵپشتیی خۆیان بۆ ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم دەربڕی.
دوابه‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش هەردوولا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبه‌شیان بۆ خستنه‌ڕووی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان ئه‌نجامدا.