Skip to the content
Menu

راپۆرتی حكومه‌ت سه‌یاره‌ت به‌هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازى تاووتوێكرا

به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندن و تاووتوێكردنی كێشه‌و داواكارییه‌كانی خانه‌واده‌و كه‌سوكارى شه‌هیدان، ئەمڕۆ دووشەممە 2020/12/7، لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی، بەسەرپەرشتیی سوسن محەمەد میرخان سەرۆكی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی لیژنەو بڕیاردەرو ژمارەیەك لەئەندامانی و راوێژكارانی لیژنەكە، لەگەڵ عەبدوڵا حاجی مەحمود وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و شاندێكی یاوه‌رى كۆبووەوە.
كۆبوونەوەكە به‌ساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان ده‌ستیپێكرد، پاشان تاووتوێی هەنگاوەكانی وەزارەتی شەهیدان كرا سەبارەت بەجێبەجێكردنی یاسای چاكسازی و پاكسازیكردن لەو لیستانەی كە پەیوەستن بەماف و ئیمتیازاتی شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی.
بەشێكی دیكه‌ی كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردن بوو لەسەر مینحەی زیندانیانی سیاسی كەچەند مانگێکە  مینحەی بەشێک لە زیندانیانی سیاسی راگیراوە، بۆ ئەم مەبەستە لەم كابینەیەدا، حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە جارێكی تر ئه‌و مینحەیە خەرج بكاتەوە، لیژنەكە داوای روونكردنەوەی له‌وەزیری شەهیدان كرد سەبارەت بەهۆكاری جێبەجێنەبوونی ئەو بڕیارە، لای خۆیەوە وەزیری شەهیدان بەلیژنەكەی راگەیاند: "هەركات پاكسازی لەلیستی ناوی زیندانیانی سیاسی تەواو بێت، دەست بەدابەشكردنی مینەحەكە دەكرێت".
لەتەوەرێكی دیكه‌ی كۆبوونەوەكەدا تاووتوێی هەمواری ئەو یاسایانە كرا كەتایبەتن بەماف و ئیمتیازاتی شەهیدان و ئەنفالكراوان، هەردوولا كۆكبوون لەسەر ئەوەی بەهاوبەشی یاساكان هەموار بكه‌نەوە بەئاڕاستەی خزمەتكردنی زیاترى خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالكراوان.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا تیشك خرایەسەر خزمەتگوزارییەكانی كچ و كوڕی شەهیدان لەخوێندن و تەندروستی و چۆنیەتیی چاودێریكردنی بەرەوپێشچوونی خزمەتگوزارییەكان، لەگەڵ ئەوەش گفتوگۆ لەسەر بابەتی گۆڕِە بەكۆمەڵەكان و بەجینۆسایدناساندنیان كرا، بەجۆرێك هەردوولا هەماهەنگیی تەواوی یەكتری بكەن .
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەدا لیژنەكە داوای كرد كەبەهیچ جۆرێك رێگە بەو رێكخراوانە نەدرێت بەناوی كۆمەك و هاوكاری بێڕِێزی بەرامبەر بەخانەوادەی شەهیدان بكەن، هه‌روه‌ها داوای تاپۆكردنی ئەو زەوییانەش كرا كە بەسەر بەشێک لە خانەوادەی شەهیدان دابەش كراون، بەڵام تاوەكو ئێستا كارتن و تاپۆ نه‌كراون.