Skip to the content
Menu

لیژنەى شەهیدان بەدواداچوون بۆ ئاستی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دەكات

بەمەبەستی تاووتوێكردنی چەند پرسێكی تایبەت بەكه‌سوكاری شەهیدان و ئەنفالكراون، ئەمڕۆ دووشەممە 2020/12/21، لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی، بەسەرپەرشتیی سوسن محەمەد میرخان سەرۆكی لیژنەو ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیاردەرو ئه‌ندامان و راوێژكارانی لیژنەكه‌ كۆبوونەوەی ژمارە 34ی خۆی ئەنجامدا.
سەرەتا بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكە خوێندرایەوەو بڕگەی یەكەمی كارنامەی كۆبوونەوەكەش تایبەت بوو بەپێداچوونەوە بەنوسراوەكانی هاتوو، باسكردنی كێشەو گیروگرفتەكانی كه‌سوكارى شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، هەروەها هاتنی د.بڕیار شێركۆ راوێژكاری پەرلەمان بۆ لیژنەكە، لەگەڵ ئاماده‌بوونی داناز ئەبوبەكر له‌لیژنه‌كه‌ بۆ باسكردنی توێژینەوەیەكی زانستی لەسەر جینۆسایدو هەڵەبجە.
لەچوارچێوەی گفتوگۆی ئەندامانی لیژنەكه‌، بڕیاردرا لەگەڵ وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراون گفتوگۆ بكەن لەسەر گیروگرفتەكانی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراون و زیندانیانی سیاسی.
پاشان د.بەیار شێركۆ كورتەباسێكی لەسەر بەڕێوەچوونی كارەكانی دادگاى لاهای تایبەت بەجینۆسایدی گەلی كورد پێشكه‌ش كرد.
لەتەوەرێكی دیكه‌ی كۆبوونەوەكەدا، داناز ئەبوبەكر كورتەباسێكی لەسەر توێژینەوە زانستییەكەی كه‌ له‌سه‌ر جینۆسایدو هه‌ڵه‌بجه‌ بوو پێشكه‌ش كرد.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكه‌شدا لیژنە بڕیاریدا سەردانی گشت بەڕێوەبەرایەتییه‌كانى شەهیدان له‌پارێزگاكانی هه‌رێم بكات بۆ ئاگاداربوون لەچۆنیەتیی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی و ئاگاداربوون لەكێشەو گرفتەكانی كەسوكاری شەهیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی.
هەروەها كۆكردنەوەی ئاماری تەواوی كێشەكانی كەسوكاری شەهیدان سەبارەت بەوەرنەگرتنی زەوی بۆ خانەوادەی شەهیدان، تاپۆ نەكردنی زەوییەكانیان و كێشەی نەبوونی خزمەتگوزاری بۆ كەسوكاری شەهیدان.