Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌و مافی به‌كاربه‌ر چه‌ند لیژنه‌یه‌كی لاوه‌كی پێكده‌هێنێت

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2020/12/1، لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌و مافی به‌كاربه‌ر، به‌سه‌رپه‌رشتیی د.صباح زێباری سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌‌ كۆبووه‌وه‌.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه،‌ سه‌رۆكی لیژنه‌ به‌ناوی ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌وه‌ ده‌ستخۆشیی له‌ لیژنه‌ی لاوه‌كیی ده‌رمان كرد كه‌به‌هۆی هه‌وڵ و به‌دواداچوونه‌كانیان كۆمه‌ڵێك بڕیارو ڕاسپارده‌ی گرنگ له‌بواری چاكسازی له‌كه‌رتی ده‌رماندا ده‌رچووێندراون.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاری دروستكردنی دوو لیژنه‌ی لاوه‌كی درا، ‌یه‌كێكیان تایبه‌ت‌ به‌به‌دواداچوون بۆ پرسی ژینگه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان و ئه‌وى تریشیان تایبه‌ت به‌مافی به‌كاربه‌رو بڕیاره‌ له‌داهاتوودا كاره‌كانیان ده‌ستپێبكه‌ن، هه‌روه‌ها هه‌ندێك گۆڕانكاری له‌پێكهاته‌ی ئه‌ندامانی لیژنه‌ی لاوه‌كیی ده‌رمان كرا.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و نوسراوو یاداشت و داواكارییانه‌ی ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌‌ كرابوون خوێندرانه‌وه‌و دوای گفتوگۆی نێوان ئه‌ندامان، وه‌ڵامی نوسراوه‌كان درایه‌وه‌و ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیداركران به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و چاره‌سه‌ركردنیان.