Skip to the content
Menu

په‌رله‌مانی كوردستان به‌دواداچوون بۆ كێشه‌ی زێده‌ڕۆیی بۆ سه‌ر گونده‌كانى كه‌شكاوه‌و گرێ صور ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون بۆ كێشه‌ی زێده‌ڕۆیی له‌سه‌ر گونده‌كانى (كه‌شكاوه‌-گرێ صور)ى سه‌ر به‌قه‌زاى ئاكرێ له‌سنوورى پارێزگای دهۆك، كه‌له‌لایه‌ن هه‌ندێ خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ى ناوچه‌كه‌ كراوه‌ته سه‌ر ئه‌و گوندانه‌، رۆژی پێنجشه‌مه‌ 2020/12/3، شاندێكی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌پێكهاتبوو له‌ ڕۆمیۆ هه‌كارى، فه‌رید یه‌عقوب، رۆبینا تیارى، كلارا عۆدیشۆ و زكرى زێبارى، ئه‌ندامانی په‌رله‌مانى كوردستان، سه‌ردانی هه‌ردوو گونده‌كه‌یان كرد.
سه‌ره‌تا له‌گوندى گرێ صور له‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌ند خێزانه‌ كورده‌ى كه‌ له‌وێبوون كۆبۆوه‌و لیژنه‌كه‌ مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ روونكردنه‌وه‌ كه‌ئه‌وان لیژنه‌یه‌كی په‌رله‌مانن و هاتوون به‌دواداچوون بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌ بكه‌ن و له‌نزیكه‌وه‌ گوێ له‌هه‌ردوولایه‌نی كێشه‌كه‌ بگرن.
دواتر شانده‌كه‌ى په‌رله‌مان له‌گوندى كه‌شكاوه‌ چاوی به‌لایه‌نی دووه‌م كه‌ئاشوورییه‌كانن كه‌وت بۆ هه‌مان مه‌به‌ست و قسه‌و بۆچوونی ئه‌وانیشی وه‌رگرت و بڕیاریشه‌ به‌ڕاپۆرت بۆچوونی هه‌ردوولایه‌نه‌كه‌ ئاراسته‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكات بۆئه‌وه‌ى بڕیارى پێویستی له‌سه‌ر بدرێت.
هه‌ر له‌سه‌ردانه‌كه‌یاندا شانده‌كه‌ى په‌رله‌مان له‌گوندی كه‌شكاوه‌ له‌گه‌ڵ موختارو نوێنه‌رانی گونده‌كه‌ كۆبۆوه‌و رابۆچوونی ئه‌وانیشی له‌سه‌ر كێشه‌كه‌ وه‌رگرت كه‌ به‌دوورودرێژی سه‌باره‌ت به‌كێشه‌كه‌و هه‌موو قۆناغه‌كانی داداگاكان و بڕیاره‌كانیان له‌سه‌ر ئه‌و زێده‌ڕۆییه‌ بۆ شانده‌كه‌ى په‌رله‌مان باسكرد.
له‌سه‌ردانه‌كه‌یاندا شانده‌كه‌ پێی راگه‌یاندن كه‌ئه‌وان به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ قسه‌كانی ئه‌وان له‌ڕاپۆرتێكدا تۆمار ده‌كه‌ن و ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی ده‌كه‌ن و دواتر په‌رله‌مان بڕیار ده‌دات كه‌چۆن له‌گه‌ڵ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌دواداچوون بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌ بكات به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی.
شایه‌نی باسه‌ رۆژى 2020/11/24، نوێنه‌رانی گه‌لی (كلدانى سریانى ئاشوورى) له‌په‌رله‌مانی كوردستان، یاداشتنامه‌یه‌كیان پێشكه‌ش به‌ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانى كوردستان كرد به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون بۆ كێشه‌ی زێده‌ڕۆیی بۆ سه‌ر گونده‌كانى (كه‌شكاوه‌-گرێ صور)، كه‌له‌لایه‌ن هه‌ندێ خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ى ناوچه‌كه‌ كراوه‌ته‌سه‌ر ئه‌و دوو گونده‌، ئه‌وه‌بوو په‌رله‌مانی كوردستان بڕیاریدا شاندێكى په‌رله‌مان بنێرێته‌ ناوچه‌كه‌و به‌تایبه‌تی گوندی كه‌شكاوه‌، بۆئه‌وه‌ى له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداری كێشه‌كه‌و بارودۆخى ئه‌و زێده‌ڕۆییه‌ بێت.