Skip to the content
Menu

سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ساڵى نوێى زایینى له‌كوردستانیان و گه‌لانى عێراق پیرۆز ده‌كات

بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێی زایینی، گه‌رمترین و جوانترین پیرۆزبایی لەکوردستانیان و تەواوی گه‌لانى عێراق دەکەین. هیواخوازین له‌ساڵی نوێدا ئارامی و تەبایی باڵ بەسەر هەرێمەکەماندا بکێشێت، و ساڵی چارەسەركردنی قەیرانەکان و پتەوکردنی متمانە بێت لەنێوان هاووڵاتییان و دامەزراوە دەستورییەکان، بەئاراستەی پاراستن و گەشەپێدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان کەبەرى رەنج و قوربانیدانی خەڵکی کوردستانە تا لە سایەیدا پەرە بە ماف و ئازادییە گشتیەکان و خزمەتکردنی کوردستانیان بدەین، بۆ ئەمەش داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەین بەیەکڕیزی و گیانی لێبووردەیی لەگەڵ یەکتری مامەڵە بکەن، و بەهەموومان زەمینەی دەستەبەرکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی کوردستانیان بڕەخسێنین. هاوکات بە پێویستی دەزانین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لێکتێگەیشتنی نێوانیان بکەنە بنەمای رێککەوتنێکی گشتگیر لە بەر ڕۆشنایی بنەما دەستوورییەکان بۆ چارەسەركردنى تەواوی کێشەکان، لەو چوارچێوەیەشدا پەرلەمانی کوردستان پشتیوانی لەو لێکتێگەشتنەی نێوان ھەردوولا دەکات کە لە پرۆژە یاسای بودجەی گستی ساڵی ٢٠٢١ رەنگیداوەتەوە، و داوا لەسەرجەم فراکسێۆنە کوردستانیەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین، پێکەوە کار لەسەر جێگیرکردن و تێپەڕاندنی بکەن.. لە کۆتاییدا هیوادارین ساڵی ۲٠۲۱ ببێتە سەرەتای وێستگەیەکی نوێ بۆ پێکەوەکارکردنی زیاتر، دوورکەوتنەوە لە ناکۆکی و بەریەککەوتن و کاری یەکدەستی و یەکدەنگی بۆ ئایندەیەکی باشتر.
سەرۆکایه‌تیى پەرلەمانی کوردستان
٢٠٢٠/١٢/٣١