Skip to the content
Menu

لیژنەى رۆشنبیرى و لاوان و کۆمەڵى مەدەنى ئیدانەى دەستگیرکردنى رۆژنامەنووسان و چالاکوانان دەكات

لەخۆپیشاندانەکانى رۆژانى رابردوو چەندین رووداوى نەخوازراو و گرژی و توندوتیژى رِوویاندا، بەداخەوە بوونەهۆى شەهیدبوون و برینداربوونى چەندین کەس، چەندین تیمى کەناڵەکانى راگەیاندنیش لەکاتى رووماڵکردنى خۆپیشاندانەکان دووچارى توندوتیژى هاتن و چەندین رۆژنامەنووسیش دەستگیرکرا.

لیژنەى رۆشنبیرى وێرِاى ئەوەى پشتیوانيى تەواوى خۆى بۆ داخوازيیە رەواکانى خۆپیشاندەران و بەرِێوەچوونى خۆپیشاندانى ئاشتیانەو شارستانیيانە دووپات دەکاتەوە بەپێى یاساى ژمارە ١١ى سالى ٢٠١٠. هاوکات دژى داخستنى كەناڵەكانى رِاگەیاندن و دەستگیرکردنى رۆژنامەنووسان و چالاکوانانين، هەروەک ئیدانەى هەموو کارێکى توندوتیژى و تەقەکردن و سووتاندنى بارەگاو دامەزراوەکان دەكەین، چونکە دەبێتەمایەى پشێوی و نائارامى و زیانگەیاندن بەدامەزراوەکان و بەرژەوەنديى گشتى و بێبەشبوونى هاووڵاتیيان لەخزمەتگوزاریيەکان و دواجاریش هیچ خزمەتێک بەئامانج و داوا رِەواکانى خۆپیشاندەران ناکات.

پێویستە وەزارەتى ناوخۆ و پارێزگارەکان و لایەنە پەیوەنديدارەکانى حکومەت، هێزەکانى ئاسایش و پۆلیس و هێزى چالاکييە مەدەنییەکان بەتايبەتى، بەپێی هەردوو یاساى ژمارەى ٣٥ى سالى ٢٠٠٧ ياساى کارى رۆژنامەنووسی و یاساى مافی بەدەستهێنانى زانیارى ژمارە ١١ى سالى ٢٠١٣ دوور لەتوندوتیژى و دەستگیرکردن بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووسان و رووماڵى کەناڵەکانى راگەیاندن بکەن و ئەرک و بەرپرسیارێتيى خۆیان بۆ پاراستنى گیانى خۆپیشاندەران و رِۆژنامەنووسان جێبەجێ بکەن، بۆئەوەى میدیاکاران و کەناڵەکانى راگەیاندنیش بتوانن ئازادانە ئەرکەکانى خۆیان رِاپەرێنن. هەروەک پێویستە میدیاکاران وکەناڵەکانى راگەیاندنیش بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن و بەشێوەیەکى پیشەیی و بابەتيیانە رووماڵى هەواڵ وزانیاریيەکان بکەن و لەخزمەتى گەیاندنى راستییەکان بن بۆ کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان.

لیژنەى رۆشنبیرى ولاوان و کۆمەڵى مەدەنى

١٥-١٢-٢٠٢٠