Skip to the content
Menu

راپۆرتێكی مەیدانی لەسەر خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییه‌ ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكرێت

دوابه‌دوای سەردانه‌ مەیدانییه‌كانی لیژنەى هاوبه‌ش كه‌پێهاتبوو له‌ لیژنه‌كانی ناوخۆو ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەكان، كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ، كاروباری یاسایی، بۆ هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆكانی راپەڕین و گەرمیان به‌مه‌به‌ستی بەدواداچوون بۆ خۆپیشاندانەكانی ماوەی رابردووی ئەو ناوچانەو رووداوه‌كانی كه‌لێیان كه‌وتنه‌وه‌، ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/12/23، لیژنە هاوبەشەكە لەهۆڵی پەناگیری لەتەلاری پەرلەمان كۆبووه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی راپۆرتێكی تێروته‌سه‌ل له‌سه‌ر ده‌رئه‌نجامی سه‌ردانه‌ مه‌یدانییه‌كانی بۆئه‌وه‌ى ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستانى بكات به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی كارى پێویست.
راپۆرتەكە بەوردی تیشكی خستۆتەسەر گفتوگۆكانی ئەندامانی لیژنە هاوبه‌شه‌كه‌ لەگەڵ یەكە ئیدارییه‌كان و حزبە سیاسییەكان و كەسوكاری شەهیدانى خۆپیشاندانه‌كان و پێداویستی و چۆنیەتیی چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكان.
شایه‌نی باسه‌ لەسەر داوای سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش كه‌پێكهاتبوو له‌ لیژنه‌كانی كاروباری یاسایی، كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ و ناوخۆو ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەكان، له‌ڕۆژانى 20 و 2020/12/21، سه‌ردانی مه‌یدانیی هەردوو سنوورى پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆكانی راپەڕین و گەرمیانی كرد به‌مه‌به‌ستی بەدواداچوون بۆ خۆپیشاندانەكانی ماوەی رابردووی ئەو ناوچانەو ئه‌و ڕووداوه‌ نه‌خوازراوانه‌ى كه‌ له‌ئه‌نجامى خۆپیشاندانه‌كان كه‌وتنه‌وه‌.