سەرۆکی پەرلەمان: "رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان رۆڵی بەرچاویان بینیوە لەپێشخستنی کاری پەرلەمانی"
د.رێواز فائق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: "رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی ئەوانەی پشتیوانیی کاری پەرلەمانی دەکەن، رۆڵی بەرچاویان بینیوە لەپێشخستنی کاری پەرلەمانی".
ئەو وتانەی سەرۆکی پەرلەمان ئهمڕۆ چوارشهممه 2020/12/9، لەمیانی پێشوازیکردنی لە ستیڤ دریهاوس بەرپرسی تازەی پەیمانگهی نیشتیمانیی دیموکراتی (NDI) و عامر بۆتانی و هەردی مهحمود بەرێوەبەرانی بەرنامە لەپەیمانگهکە هات.
لهدیدارهكهدا كه فوئاد ئەحمەد بەرپرسی سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان ئامادەیبوو، سەرۆکی پەرلەمان سوپاسی پەیمانگهکەی کرد کە لەو خولەی پەرلەمان و لەخولەکانی رابردووش بەمەبەستی بەهێزکردنی کاری پەرلەمانی هاوکارو پشتیوانی پەرلەمانی کوردستان بوون، بەتایبەتی لەبواری ئەنجامدانی کۆنفڕانس و وۆرک شۆپ و توێژینەوەی پەرلەمانی، هیواشی خواست ئەو پەیوەندییانە لەگەڵ دامەزراوەی پەرلەمان بەتایبەتی سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان بەهێزتر بکرێ و هەموو پشتیوانییەکیشی بۆ ئەنجامدانی کاری بەیەکەوەیی دووپات کردەوە.
ستیڤ دریهاوس بەڕێوەبەری پەیمانگەی دیموکراسی نیشتیمانی (NDI) لەعێراق، خۆشحاڵیی خۆی بەدیداری سەرۆکی پەرلەمان دەربڕی و پلان و بەرنەمهکانی کاری داهاتووی پەیمانگهکەی خستەڕوو کەدەیانەوێت گەشە بەپەیوەندییەکانیان لەگەڵ پەرلەمان بدەن و بەهاوکاریی سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان بۆ پێشخستنی کاری پەرلەمانی پلان و بەرنامهکانیان داڕشتووەو لەئایندەی نزیک دەست بەجێبەجێکردنی دەکەن، ئامادەیی خۆشیان دەڕبڕی بۆ هاوکاریکردنی پەرلەمان لەهەر بوارێک کە پەیوەندیی بەپەیمانگەکەیانەوە هەبێت.