Skip to the content
Menu

شاندی دانوستانكار دواین ئه‌نجامى گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ په‌رله‌مان ڕوونكرده‌وه‌

سەعات ١١ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشه‌مه 2020/12/28، د.هێمن هەورامی جیگری سەرۆکی پەرلەمانى كوردستان، به‌ئامادەبوونی منى نبی قەهوەچی سکرتێری پەرلەمان، پێشوازیی لەشاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا، به‌سه‌رۆكایه‌تیی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سەرۆکوەزیران كرد.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌سەرۆکی فراکسیۆنە جیاوازه‌کانی پەرلەمان و سه‌رۆكى لیژنه‌كانی (كاروبارى یاسایی، دارایى و كاروبارى ئابوورى، وزه‌و سامانه‌ سروشتییه‌كان)و ئه‌ندامانی شاندى دانوستانكار ئاماده‌ی بوون، د.هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، وێڕای بەخێرهێنانى شاندی دانوستانكارى حکومەتی هەرێـم، سوپاس و ستایشی پەرلەمانی کوردستانی بەسەرۆک و ئه‌ندامانى شانده‌كه‌ گه‌یاندو هه‌وڵه‌كانی شانده‌كه‌ى بەرزنرخاند بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەچوارچێوەی دەستووری عێراق و راشیگەیاند: "پەرلەمانی کوردستان پاڵپشت و پشتیوانیی شاندەکە دەکات بۆ به‌ده‌ستهێنانی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم و چارەسەکردنى کێشە هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانی نێوان هه‌ردوولادا".
پاشان قوباد تاڵه‌بانی جێگرى سه‌رۆكوه‌زیران و سه‌رۆكی شاندی دانوستانكارى هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا، بەوردی و بەڕوونی تەواوی وردەکاریی گفتوگۆکانی شانده‌كه‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا خستەڕوو و ڕاشیگه‌یاند: "له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی 9ى حكومه‌تی هه‌رێم تائێستا ‌چه‌ندینجار سه‌ردانی به‌غدامان كردووه‌ به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن و رێككه‌وتن له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌ردوولادا".
گووتیشی: "لەسەر بودجەی گشتیی 2021ی عێراق، لەگەڵ حکومەتی عێراق رێککەوتووین و 12.67% وەک بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان جێگیر کراوه‌ته‌وە، ئێستا چاوەڕێین رێککەوتنەکە لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕێنرێ و جێبەجێ بکرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، لەگفتوگۆکانی نێوان هەولێرو بەغدا باسیان لە‌پابە‌ندبوون بە‌‌یاسای کورتهێنانی دارایی كردە‌ووە، سە‌بارە‌ت بە‌پڕۆژە‌یاسای بودجە‌ش هەرێم ئامادەیی خۆی دەربڕیوە مانگانه‌ 250 هەزار به‌رمیل نەوت له‌ڕێگه‌ی کۆمپانیای سۆمۆوه ھە‌نارد بكرێت ‌".
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جێگرى سه‌رۆكی حكومه‌ت رایگه‌یاند: "حكومە‌تی ھە‌رێم مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیى دانوستانه‌كانی رێككە‌وتنە‌ لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی عێراق و جێبە‌جێكردنی پڕۆژە‌یاسای بودجە‌ی (2021)ه، ئە‌وە‌ بژاردە‌ی سە‌ركیمانەو دەخوازین سەرجەم کێشەکان لەچوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێن".
ئەوەشی ئاشکراکرد كه ‌ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یاساى بودجەی هه‌رێم لەقۆناغی کۆتاییدایەو لەداهاتوویەکی نزیکدا دوای ته‌وابوونی رێكاره‌یاساییه‌كانی ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كرێت به‌مه‌به‌ستی ‌گفتوگۆكردن و په‌سندكردنی، گووتیشی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر رشده‌ لەسەر جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی".
دواتر له‌لایه‌ن سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان و سه‌رۆكی لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان و ئه‌ندامانى په‌رله‌مانی ئاماده‌بوو، دوای خستنه‌ڕووى سه‌رنج و تێبینییه‌كانیان له‌سه‌ر روونكردنه‌وه‌كانی سه‌رۆكی شاندى دانوستانكارو ئه‌ندامانى، چه‌ندین پرسیار ئاراسته‌ی جێگرى سه‌رۆكی حكومه‌ت و شاندى یاوه‌رى كران و ئه‌وانیش وه‌ڵامی پێویستی سه‌رجه‌م پرسیاره‌كانیان دایه‌وه‌.
له‌كۆتاییدا د.هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، وێڕای ده‌ستخۆشیكردن له‌سه‌رۆك و شاندى دانوستانكار بۆ ڕوونكردنه‌وه‌كانیان و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسیاره‌كانی په‌رله‌مانتاران، هیوای خواست په‌له‌ بكرێت له‌ناردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ى هه‌رێم بۆ په‌رله‌مان و هه‌روه‌ها له ‌ناردنی راپۆرته‌كانی تایبه‌ت به‌جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی، گووتیشی: "ئێمه‌ وه‌كو سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان به‌ به‌یانێك كۆتایى وه‌رزی پایزه‌ى ساڵی دووه‌می خولی پێنجه‌م له‌چه‌ند رۆِژی ئاینده‌ ڕاده‌گه‌یه‌نین، وه‌كو ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی بڕیارمان ئه‌وه‌یه‌ له‌دوای 2021/1/3 و به‌پێی ماده‌ى (8) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆ چه‌ند دانیشتنێكی نائاسایی بكه‌ین له‌سه‌ر به‌شێك له‌و ئه‌ركانه‌ى كه‌ له‌م وه‌رزه‌دا مابوونه‌وه‌".