Skip to the content
Menu

شاندێكی لیژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن و گەشتوگوزار سه‌ردانی ده‌سته‌ی گەشتوگوزاری هه‌رێم ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی پیرۆزباییكردن له‌سه‌رۆكی تازه‌ی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزارى هه‌رێم و گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكى گرنگ، نیوه‌رۆِی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 2020/12/14، شاندێكی لیژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار، به‌سه‌رۆكایه‌تیی لوقمان وه‌ردی سه‌رۆكی لیژنه‌و ئه‌ندامیه‌تیی ڕزگار عیسا سوار جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و نزار مه‌لا غه‌فار بڕیاردەرو سه‌رچنار ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی لیژنه‌و راوێژکارانی لیژنەكه‌، سه‌ردانی ده‌سته‌ی گەشتوگوزاری هه‌رێمی كردو له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ل جه‌لال سه‌رۆك و ستافی ده‌سته‌كه‌ پێشوازیی لێكرا.
سه‌ره‌تا سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان‌ وێڕای پیرۆزباییكردن له‌سه‌رۆكی تازه‌ى ده‌سته‌كه‌ به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونى‌، هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست له‌ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانى و ڕایگه‌یاند: "گەشتوگوزار له‌هه‌رێمی كوردستان پێویستیی به‌وه‌یه ‌كه‌‌زیاتر به‌ره‌وپێش بچێت و گرنگیی زیاتری پێبدرێت و بكرێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى ترى داهات، ئه‌وه‌ش به‌هۆی سروشته‌ جوان و ڕه‌نگینه‌كه‌ی كوردستان و هه‌بوونی سه‌یرانگه‌و شوێنی سه‌رنجڕاكێش كه‌ده‌توانرێت گه‌شتیارانی بیانی به‌لای خۆیدا ڕابكێشێت"، ئاماده‌یی ئه‌وه‌شی نیشاندا كه‌وه‌كو لیژنه‌ هاوكارو هه‌ماهه‌نگ ده‌بن و ھەوڵی دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بەگەشتوگوزار بدەن".
دواتر سه‌رۆكی ده‌سته‌كه‌ سوپاسی سه‌ردانى لیژنه‌كه‌ی‌ په‌رله‌مانی كردو جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگیی ‌بوونی هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندی له‌نێوان ده‌سته‌كه‌و لیژنه‌ی شاره‌وانی كرده‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی بتوانن به‌هه‌موولایه‌ك كه‌رتی گه‌شتوگوزار به‌ره‌و پێش ببه‌ن و سوود له‌سروشته‌ جوان و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان ببینرێت.
له‌كۆتاییدا له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك سه‌رنج و پێشنیاز خرانه‌ڕوو كه‌پێویسته‌ له‌داهاتوودا كاریان له‌سه‌ر بكرێت، به‌تایبه‌ت كاركردن له‌سه‌ر ده‌ركردنی یاسایەکی تایبەت بەگه‌شتوگوزار، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاردرا بەھەماھەنگیی ھەردوولا سەرەتای ساڵی داھاتوو بەئامادەبوونی شارەزایان و پسپۆڕانی بواری گەشتوگوزار، وۆرگشۆپێک ڕێکبخرێت بەمەبەستی زیاتر پێشخستنی کەرتی گەشتیاری و ئامادەکردنی پێشنیازەیاسای گەشتوگوزار لەھەرێمی کوردستان بۆئەوەی ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت و رێكاره‌ یاساییه‌كانی خۆى وه‌ربگرێت و بخرێتە بەرنامەی کاری وەرزی داھاتووی یاسادانان بۆ خوێندنەوەی یەکەمى.