Skip to the content
Menu

شاندێكى په‌رله‌مان و وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى پێكهاته‌كان سه‌ردانى قه‌زاى ئاكرێ ده‌كه‌ن

ئه‌مڕؤ سێشه‌مه‌ 2020/12/8، شاندێكى په‌رله‌مانى كوردستان، كه‌پێكهاتبوو له‌ ڕۆبینا تیاری و هیمداد صباح بلال و فرید یعقوب و لیلى عبدالجبار، ئه‌ندامانى په‌رله‌مانی كوردستان، به‌یاوه‌ریى ئایدن مه‌عروف وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى پێكهاته‌كان، سه‌ردانى قه‌زاى ئاكرێ-یان كردو له‌لایه‌ن مازن محه‌مه‌د سه‌عید قایمقامى قه‌زاى ئاكرێ پێشوازییان لێكرا.
له‌دیداره‌كه‌دا سه‌ره‌تا قایمقامی ئاكرێ به‌خێرهاتنى شاندى میوانی كردو كورته‌باسێكى له‌سه‌ر ره‌وش و ژیان و پێكهاته‌ى دانیشتوانی ئاكرێ و پێكه‌وه‌ژیان له‌و شاره‌ خسته‌ڕوو.
دواتر هه‌ریه‌ك له‌ئه‌ندامانى شانده‌كه‌ى په‌رله‌مان و وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى پێكهاته‌كان، مه‌به‌ستى سه‌ردانه‌كه‌یان بؤ قه‌زاكه‌ روونكرده‌وه‌ كه‌بۆ له‌نزیكه‌وه‌ گوێگرتن و ئاگاداربوونه‌ له‌كێشه‌و گرفته‌كانى ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌، هه‌روه‌ها باسیان له‌ڕۆل و گرنگیى بوونى تەبایی و خۆشەویستی و لێبووردەیی و پێکەوەژیان له‌نێوان سەرجەم پێکهاتەکان و قووڵبوونەوەی زیاتری كرده‌وه‌ له‌پێناو ره‌خساندنی كه‌شێكی سه‌قامگیرتر له‌هه‌رێمه‌كه‌ماندا.
دواتر شانده‌كه‌ سه‌ردانى قوتابخانه‌یه‌كى سریانیی له‌ئاكرێ كردو له‌گه‌ڵ ماموستایانى قوتابخانه‌كه‌ كوبووه‌وه‌و باسیان له‌گرنگیى بوون و قووڵكردنه‌وه‌ى ئه‌و كلتوورى پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان كردو له‌نزیكیشه‌وه‌ گوێیان له‌كێشه‌و ‌داواكارییه‌كانیان گرت.
له‌كوتایىدا سه‌ردانه‌كه‌یاندا، شانده‌كه‌ سه‌ردانى كڵێسایى ئاكرێى كردو له‌گه‌ڵ چین و توێژه‌كانى كریستییانه‌كان كۆبووه‌وه‌و باس له‌گرنگیى ده‌رچوواندنی یاساى ژماره‌ 5ى ساڵى 2015، یاساى پاراستنى مافى پێكهاته‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان و بوونى وه‌زاره‌تى هه‌رێم بۆ كاروبارى پێكهاته‌كان له‌حكومه‌تى هه‌رێم كرا، دواتر ئاماده‌بووان چه‌ند داواكارییه‌كیان پێشكه‌ش به‌شاندكه‌ كرد به‌مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردنیان و شانده‌كه‌ش پێیان ڕاگه‌یاندن كه‌داواكارییه‌كانیان ده‌گه‌یه‌ننه‌ جێگه‌ى مه‌به‌ست.