Skip to the content
Menu

سکرتێری پەرلەمانی کوردستان پێشوازیی لەشاندێکی هێزەکانی ئەڵمانیا لەعێراق کرد

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 2020/12/8، منی نبی قهوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، پێشوازیی لەکریستۆف نومان، ڕاوێژکاری فەرماندەیی هێزەکانی ئەڵمانیا لەعێراق و شاندی یاوەری کرد.
لەدیدارێکدا تیشک خرایەسەر ڕەوش و مافی پێکهاتەکان له‌هەرێمی کوردستان و لەوبارەیەوە سکرتێری پەرلەمان کورتەباسێکی لەسەر ڕه‌وش و مافى پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە لەئێستاداو لەژێر سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا توانیویانە بەبەشێکی زۆر لەمافەکانیان بگەن، هاوکات لەڕووی سیاسییەوە پێگەو قوڕسایی بەرچاویان هەیە لەپەرلەمان و سەرجەم دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا، سەبارەت بەپێکهاتەی تورکمان-یش، سكرتێرى په‌رله‌مان ئەوەی خستەڕوو کە لەو خولەی پەرلەماندا بەشدارن لەدەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و لەنێو کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمیشدا پۆستی وەزارەتی پێکهاتەکانیان بەرکەوتووە.
هه‌ر له‌دیدارەکەدا منی نبی قهوەچی سکرتێری پەرلەمان، باسی لەڕەوشی سیاسی و ئابووری و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرد، لەمبارەیەوە پاڵپشتیی پەرلەمانی کوردستانی بۆ شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا دەربڕی بەمەبەستی بەدەستهێنانی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدا.
هەر لەدانیشتنەکەدا، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان تیشکی خستەسەر خراپیی ڕەوشی پێکهاتەکان لەناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند: "بەشێکی زۆر لەپێکهاتەکان دەخوازن بێنە سەر هەرێمی کوردستان و سوودمەندبن لەدۆخی ئارامیی هەرێمی کوردستان"، لەدرێژەی قسه‌کانیدا سکرتێری پەرلەمان سوپاسی وڵاتی ئەڵمانیای کرد بۆ پاڵپشتییە بەردەوامەکانی بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، هاوکات هیوای خواست پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەڵمانیا پەرەسەندنی زیاتر بەخۆوە ببینێت.
لەلایەن خۆیانەوە کریستۆف نومان، ڕاوێژکاری فەرماندەیی هێزەکانی ئەڵمانیا لەعێراق و شاندی یاوەری، سوپاسی سکرتێری پەرلەمانی کوردستانیان کرد بۆ ئەو پێشوازییەو وەڵامدانەوەى بەدواداچوون و پرسیارەکانیان سەبارەت بەدۆخی پێکهاتەکان لەهەرێمی کوردستاندا.