Skip to the content
Menu

سه‌رۆكى په‌رله‌مان پێشوازی له‌كونسوڵی گشتیی ئه‌ڵمانیا له‌هه‌ولێر ده‌كات

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2020/12/2، د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌كونسوڵی گشتیی ئه‌ڵمانیا له‌هه‌ولێر كلێمێنس زێمتنه‌ر كرد.
له‌دیدارێكی نێوانیاندا باسیان له‌ دواپه‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و ئابوورییه‌كانی نێوان كوردستان و عێراق و كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا كرد، سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاند: "خه‌ڵكی كوردستان ڕووبه‌ڕووی دۆخێكی ناسه‌قامگیریی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی بوونه‌ته‌وه‌ به‌هۆی قه‌یرانی ئابووری و مووچه‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌زووترین كات ده‌ست به‌دانوستانه‌كان بكه‌نه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ردوولا، به‌تایبه‌ت پرسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان".
له‌ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌وردی باسی په‌یكه‌رو ژماره‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و په‌یوه‌ندیی نێوان فراكسیۆنه‌كانی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن كردو دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌كاركردن به‌پره‌نسیپه‌كانی دیموكراسییه‌ت له‌پێشینه‌ی كاره‌كانیانه‌و په‌رله‌مانی كوردستان وێستگه‌یه‌كه‌ بۆ لێكنزیكردنه‌وه‌ی هه‌موو بیروڕا جیاوازه‌كان.
لای خۆیانه‌وه‌ به‌ڕێز كلێمێنس زێمتنه‌ر كونسوڵی گشتیی ئه‌ڵمانیا له‌هه‌ولێر سوپاسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد بۆ پێشكه‌شكردنی هه‌موو ئه‌و ڕوونكردنه‌وانه‌ سه‌باره‌ت به‌دۆخی هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان و حكومه‌تی فیدراڵیی عێراق و گووتی: "ئێمه‌ خۆشحاڵین به‌وه‌ی كه‌ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ خه‌باتكارێكی بواری دیموكراسیدا گفتوگۆمان كردو زۆر سوپاس بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌تان".