Skip to the content
Menu

یاسای به‌خاوه‌نكردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ی له‌سنووری شاره‌وانییه‌كان زێده‌ڕۆییان كراوه‌ته‌ سه‌ر هه‌موار ده‌كرێته‌وه‌

به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ڕاوێژكاری له‌سه‌ر كێشه‌و به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی یاسای ژماره‌ 3ی ساڵی 2019، یاسای به‌خاوه‌نكردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ی له‌سنووری شاره‌وانییه‌كان زێده‌ڕۆییان كراوه‌ته‌ سه‌ر، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2020/12/8، لیژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار، به‌سه‌رپه‌رشتیی لوقمان وه‌ردی سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامانی و ڕاوێژكارانى لیژنه‌كه‌، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی شاره‌وانییه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی شاره‌وانیی پارێزگاكانی هه‌ولێرو سلێمانی و دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان و نوێنەری دیوانی وەزارەتی شارەوانیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ لوقمان وه‌ردی سه‌رۆكی لیژنه‌، كورته‌باسێكی ده‌رباره‌ی یاساكه‌و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی خسته‌ڕوو، هه‌روه‌ها كه‌موكوڕى و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م یاساكه‌ی له‌بواری جێبه‌جێكردن بۆ ئاماده‌بووان ڕوونكرده‌وه‌و داوای له‌شاندی میوان كرد سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازه‌كانیان له‌سه‌ر‌ یاساكه‌ بخه‌نه‌ڕوو.
له‌لایه‌ن سه‌رۆكی شاره‌وانییه‌كان و به‌ڕه‌ێوبه‌ری گشتیی شاره‌وانییه‌كان و نوێنەری دیوانی وەزارەتی شارەوانییه‌وه‌ تێبینی و پێشنیازو ڕاو سه‌رنجه‌كان له‌سه‌ر ماده‌و بڕگه‌كانی ناو یاساكه‌ خرانه‌ڕوو و باس له‌ئاسته‌نگ و به‌ربه‌سته‌كان كرا له‌بواری جێبه‌جێكردنى و جه‌خت له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌به‌شێك له‌ماده‌و بڕگه‌كان پێویستییان به‌هه‌موارو گۆڕانكارییه‌ بۆئه‌وه‌ی هاووڵاتییان سوودمه‌ندبن له‌و یاسایه‌.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا‌ هه‌ردوولا جه‌ختییان له‌گرنگیی بوونی ئه‌و په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگییه‌ی نێوان لیژنه‌ی شاره‌وانی و لایه‌نی جێبه‌جێكردن كرده‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی به‌ڕاوێژی هه‌ردوولا بتوانرێت یاساكه‌ به‌جۆرێك هه‌موار بكرێته‌وه‌ كه‌ كه‌مترین كێشه‌و كه‌موكوڕیی تێدا بێت، هه‌روه‌ها بڕیاردرا لەماوەی دوو ھەفتەدا بەنوسراوێکی فەرمی سەرجەم تێبینی و پێشنیازەکان ئاراستەی لیژنەی شارەوانی بکەن بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتی ھەمواری یاساکە.