Skip to the content
Menu

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە بەرپرسی کاروباری سیاسی کۆنسوڵخانەی گشتی ئەمریکا کرد

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ١١/٢/٢٠٢٠ هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە ئەندریۆ لێنتز بەرپرسی کاروباری سیاسی کۆنسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر کرد.

لە دیدارێکدا کە ژمارەیەک پەرلەمانتاران لە فراکسیۆنە جیاوازەکان ئامادەیبوون، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەوردی تیشکی خستەسەر دۆخی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، و ئەو ئاڵۆزییانەی کە روویان لە ناوەراست و خوارووی عێراق کردووە . سەبارەت یاسای چاکسازی کە لە پەرلەمانی کوردستان دەنگی بۆدرا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تیشکی خستە سەر یاساکە و رایگەیاند یاسای چاکسازی لەلایەن دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن پشتگیری لێکراوە و ئەو پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت و سەرجەم سێکتەرەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە بەمەبەستی فەراهەمکردنی یەکسانی و دادپەروەری زیاتر لە نێوان سەرجەم کایەکانی نێو کۆمەڵگە.

سەبارەت بە ئالۆزییەکانی ناوەراست و خوارووی عێراق  هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە وردی باسی لەو کێشانە کرد و نیگەرانییەکانی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستانی لەمەڕ ئەو دۆخە نەخوازراوە  خستەروو،  و رایگەیاند پێویستە ئەو توندوتیژییەی روبەرووی خۆپێشاندەران دەکرێت رابگیرێت و سەرجەم کێشە و گرفتەکان بە رێگەی ئاشتیانە و دیالۆگ چارەسەر بکرێن ، باسیشی لە پێویستی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان کرد کە لە ئێستادا مەترسییەکانی داعش زیاد بوونە و جموجۆڵەکایان روویان لە فراوانی کردووە .

لەلایەن خۆیەوە ئەندرۆ لێنتز بەرپرسی کاروباری سیاسی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر وێرای خۆشحاڵی خۆی بەو سەردانە، هاوکات هەڵوێستی فەرمی ئەمریکای گەیاند کە پشتیوانی هەر هەنگاوێکی چاکسازیین و بەردەوام دەبن لە پشتیوانی هەرێمی کوردستان لە شەری دژ بە تیرۆر .