جێگری سەرۆکی پەرلەمان پەیامێکی ماتەمینی ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدانی یەکی شوبات کرد
هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ یادی کارەساتی یەکی شوبات پەیامێک ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدان و هاووڵاتیانی کوردستان دەکات، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
۱٦ساڵ پێش ئێستا و لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆ لە دوو کردەوەی تیرۆریستیدا لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی سێی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کرایە ئامانج و پۆلێک لە سەرکردە وژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان شەهید و بریندار بوون، ئەم کردەوە ترسنۆکانەییەی تیرۆریستان دەرخەری ئەو ڕاستیە بوو کە تیرۆریستان بەیەکچاو سەیری خەڵکی کوردستان دەکەن و هیچ جیاوازیەک ناکەن لە نێوان پێکهاتە و پارتە سیاسیەکاندا ، بۆیە پێویستە زیاتر پارێزگاری لە ڕیزەکانمان بکەین و بوار بۆ دوژمنانمان نەهێڵینەوە زەفەرمان پێ ببەن، هەر بەم بۆنە خەمناکەوە سەری ڕێزمان بۆ ڕوحی شەهیدانی یەکی شوبات و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنێن .
هێمن هەورامی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
۱ی شوبات ۲۰۲٠