Skip to the content
Menu

راگه‌یه‌ندراوى ده‌رئه‌نجامى كۆبوونه‌وه‌ى هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى هه‌رێم و سه‌ركردایه‌تیى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان

دواى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ به‌شداریى شاندی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان و گفتوگۆو هه‌ڵسه‌نگاندنى ئه‌نجامى سه‌ردانى شاندى دانوستانكارى لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان بۆ به‌غداو له‌ڕوانگه‌ى په‌رۆشى بۆ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ دۆخى ئێستاى عێراق و به‌شدارییه‌كى كارا له‌چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، كۆبوونه‌وه‌ گه‌یشته‌ ئه‌م ده‌رئه‌نجامانه‌ى خواره‌وه‌:
1- كار بۆ پێكهێنانى حكومه‌تێك ده‌كه‌ین كه‌تواناى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى ئێستاى عێراقى هه‌بێت و كارى جدى بۆ گێڕانه‌وه‌ى سه‌قامگیرى بۆ عێراق و ئاماده‌كارى بۆ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت بكات و جێگه‌ى بڕواو متمانه‌ى سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانى گه‌لى عێراق بێت.
2- ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى تائێستا له‌لایه‌ن به‌ڕێز عه‌لاوی-یه‌وه‌ نراون بۆ زۆرێك له‌لایه‌ن و پێكهاته‌كانى گه‌لى عێراق جێگه‌ى دڵنیایى و متمانه‌ نین، بۆیه‌ داوا ده‌كه‌ین كه‌ پێویسته‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌شێوازى كارو به‌رنامه‌كه‌یدا بكرێته‌وه‌ به‌جۆرێك كه‌ حكومه‌تى ئاینده‌ داخوازیى هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق بهێنێته‌ دى.
3- داكۆكى و پێداگرى له‌سه‌ر پاراستنى قه‌واره‌ى ده‌ستووریى هه‌رێمى كوردستان و ده‌سته‌به‌ركردنى سه‌رجه‌م مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێم و ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان ده‌كه‌ینه‌وه‌‌، پێكهاته‌كانى كوردستان و دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ته‌نها لایه‌نى شه‌رعیى بڕیارده‌رن له‌ده‌ستنیشانكردنى نوێنه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌ حكومه‌تى فیدرالى له‌سه‌ر بنه‌ماى هاوبه‌شیى ڕاسته‌قینه‌ى نیشتمانى و هاوسه‌نگى و سازان.
4- ئێستا عێراق ڕووبه‌ڕووى ته‌حه‌دیاتى گه‌وره‌ى ناوخۆیى و ده‌ره‌كى بووه‌ته‌وه‌و به‌وه‌رچه‌رخانێكى مه‌ترسیدارى مێژووییدا تێده‌په‌ڕێت، بۆیه‌ داوا ده‌كه‌ین كه‌پێویسته‌ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانى عێراق له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆ دابنیشن و بگه‌نه‌ بڕیارێكى یه‌كگرتووى نیشتمانى.
5- له‌پێناو هێنانه‌دیى ئه‌م ئامانجانه‌دا، شاندى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى دیكه‌ى عێراق له‌گفتوگۆو ڕاگۆڕینه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.