Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازیی له‌ عوسمان بایده‌میر كرد

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌ 2020/2/23، د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ نوسینگه‌ی خۆى له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ سیاسه‌تمه‌داری كورد عوسمان بایده‌میر كرد.
له‌دیدارێكی نێوانیاندا باس له‌ هه‌لومه‌رجی ئێستای كوردستان و ناوچه‌كه‌ كراو سه‌رۆكی په‌رله‌مان جه‌ختی له‌سه‌ر پره‌نسیپه‌كانی دیموكراسی و ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان له‌هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان كرده‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ڕۆڵی په‌رله‌مانی كوردستانیش د.رێواز فایه‌ق دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ پێكه‌وه‌ژیان و خه‌باتی مه‌ده‌نییانه‌و ڕێزگرتن له‌مافی هه‌موو پێكهاته‌كانی كوردستان بنه‌مای سه‌ره‌كیی كاركردنمانه‌، له‌باره‌ی ڕۆڵ و هاتنه‌پێشه‌وه‌ی ژنانیش گووتی: "هاتنه‌پێشه‌وه‌ی ژنان له‌پرۆسه‌ی سیاسی و كاری په‌رله‌مانیدا به‌ڕاده‌یه‌ك چۆته‌ پێشه‌وه‌ كه‌مایه‌ی گه‌شبینییه‌".
له‌ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان، باسێكی خێرای بۆ شێوازو قۆناغه‌كانی كاركردن له‌په‌رله‌مانی كوردستان كردو زۆربه‌ی ئه‌و ئاسته‌نگ و فشارانه‌ى خسته‌ڕوو كه‌ له‌ماوه‌ی بیست و هه‌شت ساڵی ڕابردوودا ڕووبه‌ڕووی كوردستان و په‌رله‌مانه‌كه‌ی بۆته‌وه‌.
لای خۆیه‌وه‌ عوسمان بایده‌میر سیاسه‌تمه‌داری كورد، سوپاسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ی كه‌لێیان كراو به‌تێڕوانینێكی گه‌وره‌و فراوانه‌وه‌ باسی ڕۆڵ و كاریگه‌ریی گرنگی په‌رله‌مانی كوردستانی كردو گووتی: "ئه‌م په‌رله‌مانه‌ مایه‌ی ئومێدو خه‌ونی كوردانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستانه‌، پێویسته‌ له‌سه‌رمان كه‌ به‌هه‌موو توانایه‌كمان بیپارێزین و ده‌ستی پێوه‌ بگرین".