Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان: "لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ڕاده‌سپێرین بۆ به‌دواداچوونی كێشه‌و گرفته‌كانیان"

 پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 4/2/2020 د. رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازی له‌ نوێنه‌ری چین و توێژه‌ جیاوازه‌كانی شاری ڕانیه‌ كرد.
له‌دیدارێكی نێوانیاندا له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری چین و توێژه‌ جیاوازه‌كانی خه‌ڵكی ڕانیه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازییه‌كی گه‌رمی له‌ مێوانانی شاری ڕانیه‌ كرد و له‌ نزیكه‌وه‌ گوێی له‌ تێكڕای ئه‌و داواكاری وگلله‌ییانه‌ گرت كه‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ كردیان، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ زۆری خه‌مڵاندن و ئه‌و باجانه‌ی كه‌ له‌ هاوڵاتیان وه‌رده‌گیرێن له‌ به‌ڕیوه‌به‌راتیه‌كانی باجی ده‌رامه‌ت و خانووبه‌ره‌.
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، ڕۆڵی ئازایه‌تی و خه‌باتی خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕینی له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌كانی شۆڕشدا له‌ كوردستان، زۆر به‌ به‌رزی وه‌سفكرد و ڕایگه‌یاند : " خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕین نموونه‌ی ئازایه‌تی و خۆڕاگری بوون له‌ شۆڕشه‌كانی كوردستاندا، پێویسته‌ له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌رچی له‌ ده‌ستی بێت بۆ خزمه‌تكردنی ئه‌م ناوچه‌یه‌ درێغی نه‌كات، هه‌روه‌ها گووتیشی، ئێمه‌ لێژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ڕاده‌سپێرین كه‌وا به‌دواداچونێكی جدی بكه‌ن بۆ ڕێژه‌ی خه‌مڵاندنی ئه‌و باجانه‌ی كه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی باجی ده‌رامه‌ت و خانووبه‌ره‌ له‌ هاوڵاتیانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ وه‌رده‌گیرێن و بوونه‌ته‌ هۆكاری نیگه‌رانی هاوڵاتیان" لای خۆیانه‌وه‌ مێوانانی دیداره‌كه‌ سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌ هاتنی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربڕی و هیوایان خواست كه‌ له‌ ده‌رفه‌تێكی نزیكدا لێژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی په‌رله‌مان به‌هانایانه‌وه‌ بچن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و گرفته‌كانیان.