Skip to the content
Menu

شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە کۆنفرانسی ئاسایش لە میونشن کرد

سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی ۱٤/۲/۲۰۲۰ هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کە یاوەری  مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەکرد بەشدارییان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کرد .

لە پەراوێزی کۆنفڕانسەکەدا، شاندی باڵای هەرێمی کوردستان چەندین دیدارییان ئەنجامدا، سەرەتا دیدارییان بوو لەگەڵ بۆیکۆ بۆریسۆڤ سەرۆک وەزیرانی بولگاریا و شاندێکی یاوەری، تاوتوێی ڕەوشی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا و جەخت کرایەوە لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندی دوولایەنەی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی بولگاریا.

لە میانەی دیدارەکانیان شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان ، لەگەڵ دان برولیێت وەزیری وزەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا بەتایبەتی لە بواری وزەدا کرا ، جەختکرایەوە لە بەهێزکردنی پەیوەندی بازرگانی و رۆڵی وەبەرهێنانی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستان.

‎لەلای خۆیەوە وەزیری وزەی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئاماژەی بەو پێشکەوتنە ئابووریانەی هەرێم و کارامەیی سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان کرد کە توانیویانە پێشکەوتنی بەرچاو و دیار بەخۆوە ببینن .

هاوکات لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تایبەتی لە بواری ئابووری و هەماهەنگی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر تاوتوێکرا، لە دیدارەکەدا جەخت لە گرنگیی سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و مانەوە و بەردەوامبوونی هێزەکانی ئەمریکا وەک بەشێک لە هاوپەیمانیی دژی تیرۆر و رۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە کرایەوە، هاوکات لە دیداریان لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمریکا باس لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و هاوپەیمانی لە هەموو بوارەکاندا کرا.

هەر لە درێژەی دیدارەکانیاندا شاندی باڵای هەرێمی کوردستان پێشوازییان لە نەجاح ئەلشەمەری وەزیری بەرگری عێراق کرد و گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە کرا، و جەختکرایەوە لەسەر گرنگی سەقامگیربوونی بارودۆخی عێراق و تاوتوێی هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرا، شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەیان بەوە کرد کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتێکە زۆرینەی پێکهاتەکانی عێراق پشتیوانی لێ بکەن و پابەند بێت بە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، هاوکات باس لە گرنگی بەردەوامبوونی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق کرا لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش.

لە درێژەی دیدارەکانیاندا شاندی باڵای هەرێمی کوردستان ‎لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەڵمانیا ئەنێگرێت کارنباور لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەبارەی دۆخی عێراق و ناوچەکە و گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم کوردستان و ئەڵمانیا کرا، وێرای سوپاسکردنی ئەڵمانیا لە بەردەوامبوونیان لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە، جەختکرایەوە لەوەی داعش هەڕەشەیەکی جیدییە بۆ سەر ئاسایشی جیهان، لەلای خۆیانەوە وەزیری بەرگری ئەڵمانیا وێڕای ستایش کردنی دۆخی ئارام و ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد کە لە هاوکاریکردن و راهێنان بە هێزی پێشمەرگە بەردەوامدەبن.