Skip to the content
Menu

لیژنه‌ى دارایی پڕۆژه‌یاساى فرۆشتن و به‌كرێدانى موڵكى گشتى ئاماده‌ ده‌كات

به‌مه‌به‌ستى تاووتوێكردنى كێشه‌و گرفتى هاووڵاتییان په‌یوه‌ست به‌كارى لیژنه‌كه‌و تاووتوێكردنى چۆنیه‌تیی ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یاساى فرۆشتن و به‌كرێدانى موڵكى گشتى، پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 2020/2/17، لیژنه‌ی دارایى و كاروبارى ئابوورى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیى زیاد جه‌بار سه‌رۆكى لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌و بڕیارده‌رو ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامان و راوێژكارانى لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاووتوێى ئه‌و نووسراو و یاداشت و سكاڵایانه‌ كرا كه‌ له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه‌ ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌ كرابوون، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌كه‌ میكانیزمى به‌دواداچوونى دیاریكرد به‌مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردنیان و وه‌ڵامدانه‌وه‌یان.
له‌به‌شێكى دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاووتوێى پڕۆژه‌یاساى فرۆشتن و به‌كرێدانى موڵكى گشتى له‌هه‌رێمى كوردستان-عێراق كرا كه‌یاساى ژماره‌ (32)ى ساڵى 1986 ره‌تده‌كاته‌وه‌و به‌ده‌رچوونیشى پارێزگارى له ماڵ و موڵكى گشتى ده‌كات كه‌ماوه‌ى دوو مانگه‌ لیژنه‌كه‌ سه‌رقاڵى تاووتوێكردنیه‌تى.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لیژنه‌ بڕیاریدا به‌میوانداریكردنى هه‌ریه‌ك له‌وه‌زیرى دادى حكومه‌تى هه‌رێم و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى باجه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان.