Skip to the content
Menu

لیژنه‌ى سامانه‌ سروشتیه‌كان كێشه‌و گرفته‌كانى دابه‌شكردنى غاز تاوتوێ ده‌كات

بۆ تاوتوێكردن و گفتوگۆ له‌سه‌ر كێشه‌و گرفته‌كانى به‌رده‌م دابه‌شكردنى غاز و پڕۆژه‌ یاساى هاورده‌كردنى به‌رهه‌مه‌ نه‌وتیه‌كان، پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ 4/2/2020 به‌سه‌رپه‌رشتى عه‌لى حمه‌ ساڵح سه‌رۆكى لیژنه‌ى وزه‌ و سامانه‌سروشتیه‌كان و پیشه‌سازى و بازرگانى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان و به‌ئاماده‌بوونى بڕیارده‌رى سه‌رۆك لیژنه‌و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامان و راوێژكاره‌كان، لیژنه‌كه‌ كۆبۆوه.‌

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر بڕگه‌و ماده‌كانى پڕۆژه‌ یاساى هاورده‌كردن و فرۆشتنى به‌رهه‌مه‌ نه‌وتیه‌كان له‌هه‌رێمى كوردستان / عیراق كرا، كه‌ له‌ (10) مادده‌ى یاسایی پێكدێت كه‌ تایبه‌تن به‌ به‌نزینى ئۆتۆمبێل و زه‌یتى گاز و زه‌یته‌كانى بزوێنه‌ر و گریز و غازى شل و نه‌وتى سپى و قیر.

له‌به‌شێكى ترى كۆبوونه‌وه‌كه‌ كێشه‌و گرفته‌كانى به‌رده‌م دابه‌شكردنى غاز و نه‌وتى سپى به‌سه‌ر ماڵاندا تیشكى خرایه‌سه‌ر و له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ به‌راوێژكردن له‌گه‌ڵ راوێژه‌كاره‌كان تاوتوێ كرا .

له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لیژنه‌كه‌ بڕیاریدا له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاساى هاورده‌كردن و فرۆشتنى به‌رهه‌مه‌ نه‌وتیه‌كان له‌هه‌رێمى كوردستان / عیراق، له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نى نه‌وت و گاز كۆببێته‌وه‌ بۆ پرسى به‌رهه‌مى نه‌وت و داهاته‌كه‌ى و دروستكردنى سندوقى داهاته‌ نه‌وتیه‌كان، لیژنه‌كه‌ بڕیارى ئه‌وه‌شیدا كه‌ به‌دواداچوون بۆ دۆسیه‌ى غاز و كێشه‌و گرفته‌كانى به‌رده‌مى بكات.