Skip to the content
Menu

لیژنه‌ى كشتوكاڵ سه‌ردانى خاڵه‌ سنوورییه‌كان ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر كێشه‌و گرفته‌كانی عه‌لوه‌كان و چۆنیه‌تیی راییكردنی مامه‌ڵه‌ی جووتیاران و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كانى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو له‌خاڵه‌ سنوورییه‌كان، پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه‌ 2020/2/20، لیژنه‌ى كشتوكاڵ و ئاودێرى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیى عه‌بدولستار مه‌جید سه‌رۆكى لیژنه‌و ئاماده‌بوونى جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌و بڕیارده‌رو ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامان و راوێژكارانى لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌ کرا کە لەلایەن هاووڵاتییان و جووتیارانه‌وه‌ ‌ له‌سه‌ر عه‌لوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ئاڕاسته‌ی لیژنه‌كه‌ كرابوون.
له‌به‌شێكى ترى كۆبوونه‌وه‌كەدا‌ تاووتوێى چۆنیه‌تیى به‌ڕێوه‌چوون و شێوازى راییكردنى مامه‌ڵه‌ى هاووڵاتییان و بازرگانان له‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كانى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو له‌ هه‌رێمى كوردستان كرا.
له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا لیژنه‌ بڕیاریدا به‌پێكهێنانى چه‌ند لیژنه‌یه‌كى لاوه‌كى تاوه‌كو له‌هه‌فته‌ى داهاتوودا سه‌ردانى مه‌یدانیى عه‌لوه‌كان و خاڵه‌ سنوورییه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كانى كشتوكاڵى و ئاودێرى له‌هه‌رێمى كوردستان بكات بۆ به‌داوداچوون و له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ ره‌وشى ئه‌و شوێنانه‌.
لیژنه‌ى كشتوكاڵ و ئاودێرى له‌په‌رله‌مانى كوردستان له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌یان بڕیارى ئه‌وه‌شیاندا كه‌ له‌سه‌ره‌تاى مانگى داهاتوو میوانداریى شاندێكى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاوى حكومه‌تى هه‌رێم بكه‌ن به‌مه‌به‌ستى گفتوگۆكردن و ئاڕاسته‌كردنى چه‌ند پرسیارێك له‌سه‌ر كه‌رتى كشتوكاڵى.