Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی لاوه‌كیی سەربەلیژنەی ڕۆشنبیری چه‌ند پرسێكی گرنگی تاووتوێكرد

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانی به‌دواداچوون بۆ شێوازی خه‌رجكردنی بڕی پێنج ملیون دۆلار كه‌ له‌ساڵی 2013 بۆ هه‌ولێر وه‌ك پایته‌ختی گه‌شتیاری له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دابین كرابوو، پێشنیوه‌ڕی ئه‌مڕۆ 2020/2/3، لیژنه‌ی لاوه‌كیی تایبەتمەند بەو پرسە کە سەربەلیژنەی ڕۆشنبیریی په‌رله‌مانى كوردستانە به‌سه‌رپه‌رشتیی سه‌لمه‌ فاتح سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی ئەندامانی لیژنەکە کۆبووەوە.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ی له‌به‌رده‌ستبوون له‌سه‌ر دۆسییەكه‌ گفتوگۆیان له‌سه‌ر كراو دوای کۆبوونەوەکەش هه‌ر بۆ ئەو مەبەستە لیژنه‌ لاوه‌كییه‌كه‌ سەردانی دیوانی چاودێریی دارایی -یان کرد بۆ وه‌رگرتنی زانیاریی زیاترو به‌رچاوڕوونی له‌سه‌ر شێوازی خه‌رجكردنی پاره‌كه‌و ئه‌نجامی ئه‌و سكاڵایانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر دۆسییەكه‌ تۆماركرابوون بۆئه‌وه‌ی لیژنه‌كه‌ له‌داهاتوودا ڕێكاره‌یاساییه‌كان بگرێته‌به‌ر ئه‌گه‌رهاتوو هه‌ست به‌كه‌موكوڕی و ناڕوونی كرا، بریاریشە لەداهاتوودا بۆ هەمان مەبەست لیژنه‌كه‌ سەردانی دەستەی دەستپاکی بکات.
هه‌ر ئه‌مڕۆ ئه‌و لیژنه‌ لاوه‌كییه‌ی لیژنەی ڕۆشنبیری كه‌به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی ڕه‌شنووسی هه‌مواری یاسایی ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان پێكهێنرابوو كۆبووه‌وه‌و گفتوگۆیان له‌سه‌ر ئه‌و بڕگه‌و مادانه‌ی كه‌ پێویستیان به‌هه‌موار كردنه‌وه‌و ده‌سكاریكردن هه‌یه‌ کرد، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌ی كه‌ له‌یاساكه‌دا هه‌یه‌ نه‌مێنێت و كاری ڕێكخراوه‌یی زیاتر به‌یاسایی بكرێت و ڕێكبخرێته‌وه‌و بڕیاریشه‌ له‌داهاتوودا ڕه‌شنووسی هه‌مواره‌كه‌ ئاماده‌ بكرێت.