Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نى و ڕێكخراوی ستۆپ گفتوگۆ له‌سه‌ر یاسای ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان ده‌كه‌ن

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر یاسای ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 2020/2/19، لیژنه‌ی رۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی سه‌لمه‌ فاتح سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ پێشوازیان له‌ شاندێكی ڕێكخراوی ستۆپ كرد.
له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ له‌هۆڵی لیژنه‌ له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو، سه‌ره‌تا شاندی میوان ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ لیژنه‌كه‌ خسته‌ڕوو كه‌ گه‌یاندنى داواكاریی رێكخراوه‌كه‌یانه‌ لە ئەگەری هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاسای ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان، کە به‌جۆرێك بێت كارئاسانیی زیاتر بكرێت و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بتوانن زیاتر ڕۆڵی گرنگی خۆیان بگێڕن بۆ زیاتر به‌مه‌ده‌نیكردنی كۆمه‌ڵگه‌و بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری كاری خۆبه‌خشی و مرۆڤدۆستی و ئه‌و به‌ربه‌ست و كێشانه‌یان بۆ چاره‌سه‌ر بكرێت به‌تایبه‌ت له‌بابه‌تی باج و هه‌ندێ ڕێكاری ئیداری.
له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌ى رۆشنبيرى و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی وێڕای ده‌ستخۆشی له‌م ڕێكخراوه‌ جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ كاری لیژنه‌كه‌ بریتییه‌ له‌پشتگیریكردن و پاڵپشتیكردنی كاری ڕێكخراوه‌یی و كاری خۆبه‌خشی و له‌كاتی گه‌ڵاڵه‌بوونی هه‌ر هه‌موارێك له‌یاسای فه‌رمانگه‌ی ڕێكخراوه‌كان ئه‌وان وه‌ك لیژنه‌ به‌ئاراسته‌ی ڕه‌خساندنی كارئاسانی بۆ كاركردنی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی كار ده‌كه‌ن و ڕۆڵی گرنگی ڕێكخراوه‌كانیان له‌به‌رچاوه‌و له‌هه‌ماهه‌نگیی به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر كۆی گشتی ئه‌و پرسانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ لیژنه‌و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نییه‌وه‌ هه‌یه‌.