Skip to the content
Menu

هه‌ردوو لیژنه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و یاسایی بڕیارى ئازادكردنى به‌مه‌رجى سزادراوان له‌چاكسازییه‌كان تاووتوێ ده‌كه‌ن

به‌مه‌به‌ستى تاووتوێكردنى پرسى كاراكردنه‌وه‌ى بڕیارى ئازادكردنی به‌مه‌رجى (افراج شرطى) سزادراوان له‌چاكسازییه‌كانى هه‌ولێرو سلێمانى، پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 2020/2/17، هه‌ردوو لیژنه‌ی كاروبارى یاسایى و لیژنه‌ی كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له‌مافى مرۆڤ له‌په‌رله‌مانى كوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتیى بژار خالد سه‌رۆكى لیژنه‌ى كاروبارى یاسایی و گوڵستان سه‌عید جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و داكۆكیكردن له‌مافى مرۆڤ و ئاماده‌بوونى ئه‌ندامان و راوێژكارانى هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى هاوبه‌شیان ئه‌نجامدا.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر كاراكردنه‌وه‌ى بڕیارى ئازادكردنی به‌مه‌رج (افراج شرطى) كرا له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى چاكسازیى گه‌ورانى هه‌ولێرو سلێمانى ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه‌ى لیژنه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و داكۆكیكردن له‌مافى مرۆڤ له‌ماوه‌ى رابردوودا سه‌ردانى هه‌ردوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى چاكسازیى گه‌ورانی هه‌ولێرو سلێمانی كرد به‌مه‌به‌ستی له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ ره‌وشی هه‌ردوو چاكسازییه‌كه‌ و له‌نزیكه‌وه‌ سزادراوان نیگه‌رانیى خۆیان سه‌باره‌ت به‌راگرتنی بڕیارى ئازادكردنی به‌مه‌رج واته‌ (افراج شرطى) گه‌یانده‌ لیژنه‌كه‌و داواى كاراكردنه‌وه‌ى بڕیاره‌كه‌یان كردبوو.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا بڕیاردرا ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافه‌كانى مرۆڤ بانگهێشتى كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌كه‌ بكرێت به‌مه‌به‌ستى گرتنه‌ده‌ستى كه‌یسی ئازادكردنی به‌مه‌رج (افراج شرطى) تاكو به‌دواداچوونه‌كانى په‌رله‌مان ته‌واوى رێكاره‌ یاساییه‌كان بگرێته‌به‌ر.