هێمن هه‌ورامی پێشوازیى له‌نوێنه‌رى وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ى نه‌رویژ بۆ كاروبارى رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كرد
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه 2020/2/6، هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ته‌لارى په‌رله‌مان به‌ئاماده‌بوونی وه‌یسی سه‌عید وه‌یسی و رۆبینه ئویملك و شادى نه‌وزاد ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌فراكسیۆنه جیاوازه‌كانی په‌رله‌مان پێشوازیی له نووت له‌ین نوێنه‌رى وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ى نه‌رویژ بۆ كاروبارى رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و شاندی یاوه‌رى كرد.
له‌دیدارێكدا نوێنه‌رى وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ى نه‌رویژ بۆ كاروبارى رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌رێمى كوردستان و په‌رله‌مانی كوردستان روونكرده‌وه كه‌بۆ له‌نزیكه‌وه ئاگاداربوونه له‌بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی میوان، باسى له‌بارودۆخی سیاسیی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان كرد‌و پوخته‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌پێكهاته‌ی په‌رله‌مان و كاره‌كانی و ئه‌و یاسایه گرنگانه‌ى كه له‌م خوله‌ی په‌رله‌مان ده‌ركراون باس كرد، به‌تایبه‌ت یاسای چاكسازى و رایگه‌یاند: "به‌جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه هه‌نگاوى یه‌كه‌می ئه‌نجامدانی چاكسازی ده‌ستپێده‌كات و به‌رده‌وامیی ده‌بێت تاسه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانی دیكه‌ش ده‌گرێته‌وه‌و په‌رله‌مانی كوردستانیش به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كارى جدى له‌سه‌ر ئه‌و پرسه ده‌كات".
سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدرالیى عێراق و دۆخی سیاسیی ئه‌مڕۆی عێراق و دواین پێشهاته‌كان و خۆپێشاندانه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراق-یش، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان جه‌ختى له‌سه‌ر پێویستیی چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌ڕێگه‌ی دیالۆگ و ده‌ستوورو لێكتێگه‌یشتن كرده‌وه، هه‌روه‌ها ته‌ئكیدی له‌سه‌ر پێویستیی جێبه‌جێكردنی داخوازییه ره‌واكانی خۆپیشانده‌ران و په‌له‌كردن له پێكهێنانی كابینه‌یه‌كی نوێى حكومه‌ت كرده‌وه..
سه‌باره‌ت به‌مانه‌وه‌ى هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانیش له‌عێراق و هه‌رێمی كوردستان، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "په‌رله‌مان و حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم هه‌موویان جه‌خت له‌سه‌ر پێویستیی مانه‌وه‌ى ئه‌و هێزانه ده‌كه‌نه‌وه به‌هۆی بوونی مه‌ترسیى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌و خۆڕێكخستنه‌وه‌ى تیرۆریستانی داعش و زۆربوونی جموجۆڵه‌كانیان به‌تایبه‌ت له‌سنوورى ماده‌ى 140ى ده‌ستوورى عێراقدا.
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا هێمن هه‌ورامی رۆلى كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی له‌پێشخستنی بواره‌كانی ئابوورى و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و حوكمڕانییه‌كی ته‌ندروست له‌عێراق به‌رزنرخاندو هیوای خواست كه رۆلی خۆیان له‌وڕووه‌وه به‌ته‌واوه‌تی ببینن.