Skip to the content
Menu

دیدارو كۆبوونه‌وه‌كانی شاندی باڵای هه‌رێم له‌ میونشن

هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کەیاوەریی شاندی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی دەکرد به‌سه‌رۆكایه‌تیی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئه‌ندامییه‌تیی خالید شوانی وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ی هه‌رێم  بۆ به‌شداریكردن له‌كۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن، ڕۆژی شەمە 2020/2/15، شانده‌كه‌ له‌شارى میونشن له‌په‌راوێزی كۆنفڕانسه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ ئەیمەن سەفەدی وەزیری دەرەوەی ئوردن كۆبووه‌وه‌و بارودۆخی عێراق و ناوچەکەو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردن تاووتوێکرا.
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا شاندی بالای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی شا عەبدوڵڵا پادشای ئوردی-یان کرد بۆ پشتیوانیی بەردەوامیی لەهەرێمی کوردستان و سەقامگیریی دۆخی عێراق.
‎لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئوردن سڵاوو ڕێزی تایبەتیی شا عەبدوڵڵای پاشای ئوردنی گه‌یانده‌ شانده‌كه‌ی هه‌رێم و ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکی بەهێزی مێژوویی لە نێوان ئوردن و هەرێمی کوردستاندا هەیە.
هه‌رهه‌مان رۆژو لەپەراوێزی کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن شانده‌ باڵاكه‌ی هه‌رێم له‌گەڵ محەمەد حەکیم وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوەو گفتوگۆیان لەبارەی دواین گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکەو هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کردو جەختیان لەوە کردەوە کەهەرێمی کوردستان پشتیوانی لە حکومەتێک دەکات پابەندبێت به‌قەوارەی فیدرالی و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمیش وەزیرەکانی هەرێمی کوردستان لەحکومەتی نوێی عێراق دەستنیشان بکەن.
هه‌روه‌ها شاندى باڵای هه‌رێم پێشوازیى لە هارجیت سەججان وەزیری بەرگریی کەنەدا کردو لەدیدارێكدا شانده‌كه‌ سوپاسی کەنەدا-یان کرد بۆ هاوکارییەکانی بۆ هه‌رێمی كوردستان و جەختیش له‌ پێویستیى هەوڵدان بۆ نەهێشتنی ئەو فاکتەرانە كرایه‌وه‌کە زەمینە بۆ سەرهەڵدانه‌وه‌ و خۆڕێكخستنه‌وه‌ تیرۆر دەڕەخسێنن.
‎له‌ به‌رامبه‌ردا وەزیری بەرگریی کەنەدا ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە هاوکاری و راهێنانەکانیان بەهێزی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش، هەروەها ستایشی هەرێمی کوردستانیشى کرد کە بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ ئاوارەو پەنابەران.
هه‌ر له‌و رۆژه‌دا شاندى هه‌رێم لەگەڵ جان ئیڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکەو هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقیان تاووتوێ کردو سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی فەرەنسا-یان لەهەرێمی کوردستان و هەڵوێستی دۆستانەی بەرامبەر به‌گەلی کورد كردو جەختیان کردەوە پێویستە رێز لەقەوارەو مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگیرێت و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان نوێنەرەکانی هەرێم لەحکومەتی نوێی عێراق دەستنیشان بکەن.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوەو ئاماژەی بەگرنگیی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەعێراق و هەرێمی کوردستان کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.
دواتر شانده‌كه‌ لەگەڵ فالح فەیاز راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق كۆبووه‌وه‌و گفتوگۆیان لەبارەی دواین گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکەو هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کردو جەختیان لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە حکومەتێک دەکات پابەندبێت به‌مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمیش وەزیرەکانی هەرێمی کوردستان لەحکومەتی نوێی عێراق دەستنیشان بکەن.
ڕۆژی یەکشەمەش 2020/2/16، له‌په‌راوێزی کۆتاڕۆژی كۆنفڕانسه‌كه‌دا شاندى باڵای هه‌رێم لەگەڵ جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبووەوەو له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گۆڕانکاری و دواپێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکەو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كراو جەخت لەسه‌ر گرنگیی سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە كرایه‌وه‌، هه‌روه‌ها ‎وێڕای هاوڕابوون لەسەر بوونی پەیوەندییەکی دراوسێیانەی باش لەسەر بنەمای رێز لەیەکگرتن، گرفت و ئاستەنگەکانی ئاسایش لەناوچەکەدا تاووتوێ کرا.
‎هه‌رهه‌مان ڕۆژ شاندی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ نیلس ئانن وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە كۆبووه‌وه‌و لەبارەی بارودۆخی عێراق و ناوچەکەو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا گفتوگۆكراو جەخت لەسه‌ر پێویستیى بەردەوامبوونی هەماهەنگی و پشتیوانیکردنی هێزى پێشمەرگەو سوپای عێراق کرایه‌وه‌ بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.
‎لەلای خۆیەوە وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە ستایشی سەقامگیری و گەشەسەندنی ئەزموونی هەرێمی کوردستانی کردو گوتی: "هەرێمی کوردستان نموونەیەکی گەشی دەسەڵاتدارییە لەعێراقدا".
‎هه‌ر ئەمڕۆ یەکشەمە 2020/2/16، لەشاری میونشن شانده‌كه‌ لەگەڵ مارک سیدویل راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی بەریتانیا كۆبوونه‌وه‌و له‌دیدارێكدا جەختیان لەسه‌ر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کردەوە، هەروەها پەرەپێدانی هەماهەنگیی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی داعش و هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.
هه‌روه‌ها شاندی باڵای حكومه‌تی هه‌رێم له‌شارى میونشن لەگەڵ مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوەو گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا كرد بەتایبەتی لەبواری بازرگانی و دواپێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکەو جەختیان لەسه‌ر هەماهەنگیی زیاتر لەپێناو سەقامگیریی دۆخی عێراق و ناوچەکە كرده‌وه‌.