Skip to the content
Menu

شاندێكی لیژنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی چاكسازیى گه‌ورانى هه‌ولێر ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و ئاگاداربوون له‌ره‌وشی سزادراوان و كاره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌، ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 2020/2/4، شاندێكی لیژنه‌ی كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له‌مافى مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تیی رۆمیۆ هه‌كارى سه‌رۆكی لیژنه‌و یاوه‌ریى حه‌سیبه‌ سه‌عید گه‌ردى و زكرى زێبارى و شيرين يونس ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌و كامه‌ران محه‌مه‌د راوێژكارى لیژنه‌كه‌، سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی چاكسازیى گه‌ورانى هه‌ولێرى كردو له‌لایه‌ن هێمن فاروق نانه‌كه‌لى به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ پێشوازیى لێكرا.
له‌دیدارێكدا هێمن فاروق به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی چاكسازیى گه‌ورانى هه‌ولێر كورته‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ كارو چالاكییه‌كان و خزمه‌تگوزارییه‌كان و كێشه‌و كه‌موكوڕییه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ی بۆ شاندى لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان باسكرد، به‌تایبه‌ت نه‌بوونى شوێنی پێویست بۆ مانه‌وه‌ى سزادراوان كه‌زیاتر له‌و ژماره‌یه‌ى تێدایه‌ كه‌پێویسته‌و ئه‌مه‌ش كێشه‌یه‌كی زۆرى بۆ دروستكردوون، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌پرۆسه‌ی چاكسازیی ناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌و ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ تایبه‌ت بوون به‌و بواره‌ كردو باسى له‌وه‌ش كرد كه‌له‌ناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ قوتابخانه‌شیان هه‌یه‌ هه‌ر له‌قۆناغى بنه‌ڕه‌تییه‌وه‌ تاقۆناغى كۆلێژو چه‌ندین خولى فێربوونی جۆراوجۆریشیان بۆ سزادراوان كردۆته‌وه‌ وه‌ك خوله‌كانى فێربوونی دروومان و سه‌رتاشین و تادوایى.
پاشان شاندى لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان سه‌رجه‌م به‌ش و هۆبه‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان به‌سه‌ركرده‌وه‌ وه‌ك هۆبه‌ی راهێنانی پیشه‌یی و له‌نزیكه‌وه‌ چاویان به‌كارو به‌رهه‌مى سزادراوان كه‌وت، هه‌روه‌ها سه‌ردانى قوتابخانه‌كه‌یان كردو له‌نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كان دانیشتن و گوێیان له‌داواكارییه‌كانیان گرت، پاشان سه‌ردانی هۆڵی سزادراوانیان كردو له‌نزیكه‌وه‌ چاویان به‌سزدراوه‌كان كه‌وت و گوێبیستی ته‌واوی داواكارییه‌كانیان بوون و پێیانڕاگه‌یاندن كه‌ به‌دواداچوونی جدی ده‌كه‌ن بۆ داواكارییه‌كانیان.
له‌كۆتایى سه‌ردانه‌كه‌یاندا شاندى لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان وێڕای ده‌ستخۆشیكردن له‌به‌ڕێوه‌به‌رو فه‌رمانبه‌رو ستافى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ بۆ ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی كه‌پێشكه‌ش به‌سزادراوانی ده‌كه‌ن، كاره‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان به‌باش هه‌ڵسه‌نگاندو به‌ڵینیان پێدان كه‌به‌دواداچوونی جدی ده‌كه‌ن بۆ كێشه‌و داواكارییه‌كانیان و له‌رێگه‌ی خۆیانه‌وه‌ به‌لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى ده‌گه‌یه‌نن به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنیان.