Skip to the content
Menu

كۆبوونه‌وه‌كانى لیژنه‌ی یاسایی له‌سه‌ر پێشنیازه‌یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی به‌قاچاغبردنی نه‌وت و لێده‌رهێنراوه‌كانی به‌رده‌وامه‌

سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 2020/2/25، لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌باره‌ی گفتوگۆكردنی پێشنیازه‌یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی به‌قاچاخبردنی نه‌وت و لێده‌رهێنراوه‌كانی له‌هه‌رێمی كوردستان كۆبۆوه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تیی بژار كۆچه‌ر سه‌رۆكی لیژنه‌و جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامان و راوێژكارانی لیژنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو، بڕگه‌و ماده‌كانی پێشنیازه‌یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی به‌قاچاغبردنی نه‌وت و لێده‌رهێنراوه‌كانی له‌هه‌رێمی كوردستان تاووتوێكرا، ئه‌م پێنشازه‌یاسایه‌ له‌خولی پایزه‌ى ساڵی پار 2019 خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی لیژنه‌ی یاساییه‌وه‌ چه‌ندین تێبینی و پێشنیاز بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی پێشنیازی یاساكه‌ خرانه‌ڕوو، بڕیاریشه‌ دوای ته‌واوبوونی گفتوگۆكانی لیژنه‌ی یاسایی له‌سه‌ر پێشنیازه‌یاساكه‌، سه‌رجه‌م تێبینی و پێشنیازه‌كان پوخت بكرێنه‌وه‌و له‌چوارچێوه‌ی راپۆرتی لیژنه‌كه‌دا جێبكرێنه‌وه‌و دواتریش به‌پێی رێككاره‌كانی په‌یڕه‌وی ناوخۆ راپۆرتی كۆتایی ئاماده‌ ده‌كرێت و ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ده‌كرێت بۆ ئه‌نجامدانی رێككاره‌ یاساییه‌كانی بۆئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م و ده‌نگدانی بۆ ئه‌نجامبدرێت.