Skip to the content
Menu

كێشه‌و داواكارییه‌كانی چاكسازیی گه‌ورانی هه‌ولێرو سلێمانی گه‌یه‌ندرایه‌ ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریى هه‌رێم

دوای ئه‌وه‌ى لیژنه‌ی كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له‌مافى مرۆڤ له‌په‌رله‌مانى كوردستان، له‌ماوه‌ى رابردوودا سه‌ردانی هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی چاكسازیى گه‌ورانی هه‌ولێرو سلێمانیی كردو له‌نزیكه‌وه‌ گوێى له‌كێشه‌و داواكارییه‌كانیان گرت، ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 2020/2/5، به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی ئه‌و كێشه‌و داوكارییانه‌ شاندێكی لیژنه‌كه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تیی رۆمیۆ هه‌كارى سه‌رۆكی لیژنه‌و ئه‌ندامیه‌تیی گوڵستان سه‌عید جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و شادى نه‌وزاد ئه‌ندامى لیژنه‌كه‌و كامه‌ران محه‌مه‌د راوێژكارى لیژنه‌كه‌، سه‌ردانی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریى هه‌رێمی كوردستانی كردو له‌لایه‌ن دادوه‌ر به‌نگین قاسم محه‌مه‌د سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریى هه‌رێم پێشوازیى لێكرا.
له‌دیدارێكدا وێڕای تیشك خستنه‌سه‌ر چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌چوونی كارى دادگاكان له‌هه‌رێمی كوردستاندا، شاندى لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان كێشه‌و داواكارییه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی چاكسازیی گه‌ورانى هه‌ولێرو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی چاكسازیی گه‌ورانى سلێمانیی گه‌یانده‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریى هه‌رێم به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و چاره‌سه‌ركردنیان، كه‌به‌شێك له‌و سزاداروانه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانیان په‌نایان بۆ مانگرتن بردووه‌.
سه‌باره‌ت به‌و داواكارییه‌ی سزادراوانی چاكسازیى گه‌وران به‌وه‌ى كه‌بڕیارى ئازادكردنی مه‌رجدار واته‌ (افراج شرطى) له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌رییه‌وه‌ راگیرابێت كه‌ یه‌كێك بوو له‌داواكارییه‌كانی سزادراوان له‌ چاكسازیی گه‌وران، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌رى رایگه‌یاند: "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و بڕیاره‌ رانه‌گیراوه‌و ته‌نیا یاساكه‌ به‌ده‌ركراوه‌ بۆ هه‌ندێك تاوان كه‌حه‌قى عامی تێدایه‌و ئه‌و یاسایه‌ نایانگرێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ندێك تاوانى دیكه‌ ده‌گرێته‌وه‌و هیچ كێشه‌یه‌كیان نییه‌".
بۆ سزاى جێگره‌وه‌ش واته‌ (حوكمى به‌دیله‌)، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌رى رایگه‌یاند: "ئه‌و بابه‌ته‌ ئێستا له‌ژێر تاووتوێكردندایه‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین كۆڕو كۆبوونه‌وه‌مان ئه‌نجام داوه‌".