له دووەم رۆژی کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن شاندی هەرێمی کوردستان چەندین دیداری گرنگیان ئەنجامدا
هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کە یاوەریی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانه بۆ بهشداریكردن له كۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن، ئەمڕۆ شهمه 2020/2/15، لەپهراوێزی بهشداریكردن له ڕۆژی دووەمی کۆنفڕانسهكهدا ژمارەیەک دیداری گرنگیان ئەنجامدا.
لەدیدارێکدا لەگەڵ مارک ئیسپەر وەزیری بەرگریی ئەمریکا پێشهاتەکانی دۆخی عێراق و ناوچەکەیان تاووتوێکردو وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد كه هەرێمی کوردستان هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکایە لەناوچەکەدا، گووتیشی : "لەپشتیوانیکردن و راهێنانی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەڕەشەکانی داعش بەردەوام دەبین".
لهلایهن خۆیانهوه شاندی باڵای هەرێمی کوردستان سوپاسی پشتیوانیی ئەمریکایان کردو جەختیان کردەوە کە هاوپەیمانێتیی ئەمریکاو هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەو مانهوهى هێزی هاوپهیمانانیان لهئێستادا له عێراق و ههرێمی كوردستان بهپێویست زانی.
ههر ههمان رۆژ شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان پێشوازیی لە سەرۆکوەزیرانی کوەیت شێخ سەباح حەمەد ئەلسەباح کردو لەدیدارەکەدا بارودۆخی عێراق و ناوچەکەو پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و کوەیت تاووتوێ کرا.
سەرۆکوەزیرانی کوەیت ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ گەشەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لەبواری بازرگانیداو ئاماژەی بەوەکرد هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گرنگی لەناوچەکەدا هەیەو دەرفەتی باشی وەبەرهێنانیش لەهەرێم هەیەو پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە گرنگ دەزانن.
شاندی باڵای هەرێمی کوردستان سوپاسى وڵاتی کوەیتی کرد بۆ گرنگیدانیان بەپەیوەندیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و ئاماژەیان بەوەدا کە زەمینەیەکی لەبار بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان هەیەو هەموو ئاسانکارییەکی پێویست بۆ وەبەرهێنەرانى ناوخۆیی و دەرەکی دەکرێت.
ههر ئەمڕۆ شهمە 2020/2/15، مهسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەریی هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و شاندی یاوەریان پێشوازییان لەشاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا كرد کەپێکهاتبوو لە پەرلەمانتاران نیل شمید و کارستن شنایدەر و فیختز فەیگنترۆی لەپارتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیا.
لەکۆبوونەوەیهکدا پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا ئاماژەیان بەرۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستاندا وەک فاکتەری سەقامگیری لەعێراق و ناوچەکەو جەختیان لەگرنگیی بەردەوامبوونی هاوکاری و راهێنانی هێزی پێشمەرگە کردەوە لەرووبەڕووبوونەوەی داعش.
لای خۆشیانەوە شاندی باڵای هەرێمی کوردستان سوپاسی هاوکارییەکانی ئەڵمانیای بۆ هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە کردو ھەروەھا باسی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرا بەتایبەتی لەهەمەچەشنکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و گرنگیدانی زیاتر بەوەبەرهێنان بەپێی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان.
لە دیدارێکی تردا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیاو شاندێکی یاوەری، شاندی باڵای هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی رووسیا جەختیان لەهێورکردنەوەی دۆخەکە بەتایبەت لەسووریا کردەوە، هاوکات شاندی باڵای هەرێمی کوردستان داوایان لەرووسیا کرد کەنێوەندگیری بکات لە چارەسەرکردنی پرسە هەڵواسراوەکانی سووریا بە رەچاوکردنی مافی هەموو لایەنەکان.
هەر لەدرێژەی کۆبوونەوەکانیاندا شاندی باڵای هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەحمەد ئەبو غەیس سکرتێری گشتیی کۆمكاری عەرەبی کۆبووەوە، پاشان لەگەڵ مارک ڕوودە سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا کۆبووەوەو باس لەپەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا کرا و تاووتوێی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی هەرێم کرا.