Skip to the content
Menu

لیژنه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ به‌دواداچوون بۆ پڕۆژه‌ ته‌واونه‌كراوه‌كانى نیشته‌جێكردنی كرێنشینان و كه‌مده‌رامه‌ته‌كان ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ست به‌كاری لیژنه‌كه‌، پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 2020/2/26، لیژنه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و وه‌به‌رهێنان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی هاوڕێ مه‌لا ستار سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
ده‌ستپێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و نوسراو ڕاپۆرت و داواكارییانه‌ی ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌ كرابوون خوێندرانه‌وه‌و دوای گفتوگۆكردنیان ئه‌وانه‌ی پێویستییان به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ هه‌بوو وه‌ڵامدرانه‌وه‌و ئه‌وانه‌ی تریش ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیداره‌كان كران به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و ئه‌نجامدانی كاری پێویست.
دواتر لیژنه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر ئه‌و یه‌كه‌ نیشته‌جێبووانه‌ كرد كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێكردنی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ كرێنشینان و كه‌مده‌رامه‌ته‌كان دروستی كردوون، به‌ڵام تائێستا ته‌واو نه‌كراون، دوای قسه‌كردن له‌وباره‌یه‌وه‌ لیژنه‌ بریاریدا سێ لیژنه‌ی لاوه‌كی پێكبهێنێت به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و ئه‌نجامدانی كاری پێویست.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا لیژنه‌ بڕیاریدا میوانداریى وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێكردنى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بكات به‌مه‌به‌ستى گفتوگۆكردن و تاووتوێكردنى ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌ى هاوڵاتیان كه‌ ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌ كراون بۆ دۆزینه‌وه‌ى میكانیزمێكی گونجاو به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنیان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه‌.