Skip to the content
Menu

لیژنه‌ى داكۆكیكردن له‌مافی ئافره‌ت و ئه‌نجوومه‌نى باڵاى خانمان هه‌ماهه‌نگى دروست ده‌كه‌ن

به‌مه‌به‌ستى پیرۆزباییكردن و دروستكردنى هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان هه‌ردوولادا، رۆژی چوارشه‌ممه‌ 2020/2/26، شاندێكی لیژنه‌ى داكۆكیكردن له‌مافی ئافره‌ت له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیى له‌نجه‌ ئیبراهیم دزه‌یی سه‌رۆكى لیژنه‌و ئه‌ندامیه‌تیی... جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامان و راوێژكارانى لیژنه‌كه‌، سه‌ردانى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى كاروبارى خانمانى كرد.
شاندی لیژنه‌كه‌ى په‌رله‌مان له‌لایه‌ن د.خانزاد ئه‌حمه‌د رواندزى ئه‌میندارى گشتیى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى خانمان و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ پێشوازیی لێكراو له‌دیدارێكدا شاندی لیژنه‌ى داكۆكیكردن له‌مافى ئافره‌ت پیرۆزباییان له‌ئه‌منیدارى گشتیى ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ كردو هیوایان خواست هه‌موو هه‌وڵه‌كانیان له‌خزمه‌ت ئافره‌تاندا به‌كاربێنن.
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر چۆنیه‌تیى دروستكردنى هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان هه‌ردوولادا كرا به‌مه‌به‌ستى پاراستنى مافى ئافره‌تان له‌چوارچێوه‌ى بنه‌ماكانى مافى مرۆڤ و دیموكراسییه‌ت بۆئه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى ته‌ندروست ژیان تێیدا به‌ڕێبكرێت.
له‌كۆتاییدا ئه‌نجوومه‌نى باڵاى خانمان هه‌موو ئاماده‌ییه‌كى خۆیانى بۆ لیژنه‌كه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان نیشانداو جه‌ختیان له‌سه‌ر كارى پێكه‌وه‌یی كرده‌وه‌.