Skip to the content
Menu

لیژنه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له‌مافى مرۆڤ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ كۆبووه‌وه‌

به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنى ئازداكردنى مه‌رجدار (أفراج شرطى) له‌ چاكسازییه‌كانى هه‌ولێرو سلێمانى و ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌ى هاووڵاتییان كه‌ ئاڕاسته‌ى لیژنه‌كه‌ ده‌كرێن، پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 2020/2/26، لیژنه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له‌مافى مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیى گولستان سه‌عید جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌و ئاماده‌بوونى ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامان و راوێژكارانى لیژنه‌كه‌، له‌ هۆڵی لیژنه‌ له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ زیا بترس سه‌رۆكى ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافه‌كانى مرۆڤ له‌ هه‌رێمى كوردستان و شاندى یاوه‌رى كۆبووه‌وه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیارى ئازادكردنى مه‌رجدار (أفراج شرطى) له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى چاكسازیى گه‌ورانى هه‌ولێرو سلێمانى تاووتوێ كرا، ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه‌ى لیژنه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و داكۆكیكردن له‌مافى مرۆڤ له‌ماوه‌ى رابردوودا سه‌ردانى ئه‌و دوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ى كردبوو كه‌ نیگه‌رانى و گله‌یی گیراوان له‌سه‌ر راگرتنی ئه‌و بڕیاره‌ ئاڕاسته‌ى لیژنه‌كه‌ كرابوو.
له‌به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر سزاى جێگره‌وه‌ (عقوبات بدیله‌) له‌ گرتووخانه‌كان كرا بۆ ئه‌وانه‌ى كه‌ به‌پێى یاسا ده‌یانگرێته‌وه‌و ئه‌مجۆره‌ سزایه‌شیان به‌پێویست زانى.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ چه‌ندین پرسیاریان ئاڕاسته‌ى سه‌رۆك و شاندى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ كرد كه‌ له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه‌ ئاڕاسته‌ى لیژنه‌كه‌ كرابوون.