Skip to the content
Menu

لیژنه‌ى ناوچه‌ كوردستانیيه‌كان: "خه‌ڵكى كه‌ركوك و ناوچه‌كه‌ بۆ پاراستنى گیانیان داواى گه‌ڕانه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن"

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن سه‌باره‌ت به‌كێشه‌و گرفته‌كانى به‌رده‌م كوردانى ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و به‌رده‌وامیى پرۆسه‌ى ته‌عریب له‌و ناوچانه‌، پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه‌ 2020/2/27، جوان یونس رۆژبه‌یانى سه‌رۆكى لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم به‌ئاماده‌بوونی جه‌مال حه‌وێز مسته‌فا جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسى تیمى سیاسیى كونسوڵخانه‌ى گشتیى به‌ریتانیا كۆبووه‌وه‌.
ده‌ستپێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ دواین پێشهات و گۆڕانكارییه‌كانى عێراق و دۆخى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم و به‌رده‌وامیى پرۆسه‌ى ته‌عریب و هه‌ڕه‌شه‌و كوشتن له‌سه‌ر ماڵ و گیانى كوردان گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.
له‌به‌شێكى دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تیشك خرایه‌سه‌ر ئه‌و یاداشته‌ى كه‌حزبه‌ كوردییه‌كانى كه‌ركوك بڕیاروایه‌ ئاڕاسته‌ى هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى هه‌رێمى بكه‌ن و تیایدا داوا ده‌كه‌ن چیتر چاوه‌ڕێ نه‌كه‌ن و كات به‌فیڕۆنه‌ده‌ن له‌هه‌نگاوه‌كانى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌و گرفته‌كان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخه‌كه‌ به‌گه‌ڕانه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان بۆ ناوچه‌كه‌.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاووتوێى سه‌رژمێریى گشتی كرا كه‌بڕٍیاروایه‌ له‌مساڵدا ئه‌نجام بدرێت و لیژنه‌كه‌ له‌مه‌ترسییه‌كانى ئه‌م سه‌رژمێرییه‌ كونسوڵخانه‌ى به‌رتیانیاى هۆشیاركرده‌وه‌ كه‌ لەئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانى زیانى گه‌وره‌ به‌ر كورد ده‌كه‌وێت، چونكه‌ به‌هۆى خراپیى دۆخى ناوچه‌كه‌و مه‌ترسى له‌سه‌ر ژیانیان كوردێكى زۆر ناوچه‌كه‌یان جێهێشتووه‌.
ئه‌وەشیان روونكرده‌وه‌ كه‌كورد به‌پێى ده‌ستوور مافى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ئه‌نجامدانى سه‌رژمێرى له‌دۆخێكى ئاوادا داواى دواخستنى بكات، بۆیه‌ به‌پێویستیان زانى یان دۆخى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم ئاسایی بكرێته‌وه‌ یاخود دواى بخه‌ن.
له‌ به‌شێكى دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر داواكاریى خه‌ڵكى كه‌ركوك و ناوچه‌كه‌ كرا بۆ پاراستنى ماڵ و گیانیان، چونكه‌ جگه‌ له‌وه‌ى ته‌عریب له‌زیادبووندایه‌ مه‌ترسییه‌كانى تییرۆریستانى داعش به‌رده‌وامه‌و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان ئاماده‌یی تێدایه‌ بۆ پاراستنى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم.
لاى خۆشیانه‌وه‌ به‌رپرسى تیمى سیاسیى كونسوڵخانه‌ى به‌ریتانیا لیژنه‌كه‌ى له‌وه‌ ئاگاداركرده‌وه‌ كه‌ئه‌وان به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان دۆخى نێوان هه‌ولێرو به‌غدا ئارام بكه‌نه‌وه‌و كوردستان به‌ناوچه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمیشه‌وه‌ به‌رده‌وام له‌دۆخێكى ئارام و سه‌قامگیردابێت.