Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ته‌ندروستی به‌دواداچوون بۆ ره‌وشی هه‌ردوو نه‌خۆشخانه‌ى ڕاپه‌ڕین و له‌دایكبوونی هه‌ولێر ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ڕه‌وشی نه‌خۆشخانه‌كانى شارى هه‌ولێر، پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌ 2020/2/16، شاندێكی لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌و مافی به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.سه‌باح مه‌حمود سه‌رۆكی لیژنه‌و ئه‌ندامیه‌تیی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و ئه‌ندامان و راوێژكارانی لیژنه‌كه‌ سه‌ردانی هه‌ردوو نه‌خۆشخانه‌ی ڕاپه‌رینی تایبه‌ت به‌منداڵان و نه‌خۆشخانه‌ی له‌دایكبوونی هه‌ولێریان كرد.
شانده‌كه‌ سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رو ستافی كارگێڕی و به‌شێك له‌پزیشكه‌كانی نه‌خۆشخانه‌ی ڕاپه‌رین كۆبوونه‌وه‌و گوێیان له‌داواكاری و كێشه‌و گرفته‌كانیان گرت، ستافی نه‌خۆشخانه‌كه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد كه‌ له‌ڕووی كارمه‌ندو میلاكاته‌وه‌ كێشه‌یان هه‌یه‌و پێویستییان به‌كارمه‌ندی زیاتره‌و كۆمه‌ڵێك پێداویستی و كه‌لوپه‌لی پزیشكییان پێویسته‌و له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ ده‌رمانی پێویست له‌به‌رده‌ست نییه‌.
له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد كه‌كار له‌سه‌ر كه‌موكوڕییه‌كان ده‌كه‌ن و به‌دواداچوونی زیاتر ده‌كه‌ن و هه‌وڵى چاره‌سه‌ری كه‌موكوڕییه‌كان ده‌ده‌ن.
هه‌ر ئه‌مڕۆ شاندی ناوبراو سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی له‌دایكبوونی هه‌ولێری كردو له‌گه‌ڵ ستافی نه‌خۆشخانه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌و ڕه‌وشی ته‌ندروستیی ناو نه‌خۆشخانه‌كه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر كراو ستافی نه‌خۆشخانه‌كه‌ داوایانكرد بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و فشاره‌ زۆره‌ی له‌سه‌ر نه‌خۆشخانه‌ی له‌دایكبوونی هه‌ولێر هه‌یه‌ پێویسته‌ ئه‌و نه‌خۆشخانانه‌ى كه‌ له‌قه‌زاو شارۆچكه‌كانی سه‌ربه‌پارێزگای هه‌ولێر هه‌ن چالاك بكرێنه‌وه‌و پێشوازی له‌ نه‌خۆشه‌كان بكه‌ن و پێداویستی و كه‌لوپه‌لی پزیشكیی زیاترو ده‌رمانی پێویستیان بۆ دابین بكرێت بۆئه‌وه‌ی به‌شێوازێكی سه‌رده‌میانه‌ پێشوازی له‌ نه‌خۆشه‌كان بكرێت.
شایانی باسه‌ شانده‌كه‌ له‌هه‌ردوو نه‌خۆشخانه‌كه‌ به‌ش و هۆبه‌و ژوری نه‌خۆشه‌كانیان به‌سه‌ر كرده‌وه‌.