Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ته‌ندروستی له‌به‌دواداچوون و چاودێریكردنی دۆخی ده‌رمان به‌رده‌وامه‌

له‌درێژه‌ی كاره‌كانیدا به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و تاووتوێكردنی دۆخى ده‌رمان له‌هه‌رێمی كوردستاندا، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2020/2/5، لیژنه‌ی ده‌رمان كه‌ لیژنه‌یه‌كی لاوه‌كیی سه‌ربه‌ لیژنه‌ی كاروبارى ته‌ندروستیى په‌رله‌مانى كوردستانه‌ به‌سه‌رپه‌رشتیی زانا مه‌لا خالد سه‌رۆكی لیژنه‌ لاوه‌كییه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆكرا له‌سه‌ر ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌و ڕاسپارده‌یه‌ی كه‌ لیژنه‌ی ده‌رمان له‌ڕابردوودا ئاراسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی كردبوو و هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ هه‌نگاوه‌كانی پرۆسه‌كه‌ خسته‌ڕوو، هاوكات جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌سه‌رجه‌م سنووره‌كانی هه‌رێمى كوردستان به‌وردی چاودێریی دۆخی ده‌رمان بكرێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌داهاتوودا به‌دواداچوون له‌سه‌ر پرسی ده‌رمان له‌پارێزگای دهۆك و زاخۆ ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ تاووتوێكردنی كێشه‌ی كه‌میی ده‌رمان بوو له‌ دامه‌زراوه‌كانی ته‌ندروستی له‌هه‌رێمی كوردستان و به‌پێویست زانرا كه‌ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت و بڕی ده‌رمانی پێویست دابین بكرێت.
ته‌وه‌ری كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش تایبه‌ت بوو به‌گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ده‌رمانی شێرپه‌نجه‌و بڕیاردرا به‌ نوسراوی فه‌رمی داوا له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكرێت كه‌ ئه‌و كۆمپانیاو كه‌سانه‌ی كاری نایاسایی له‌ پرۆسه‌ی هێنان و فرۆشتنی ده‌رمانی شێرپه‌نجه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن ڕێكاری یاساییان به‌رامبه‌ر بگرێته‌به‌رو سزا بدرێن.