Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ته‌ندروستی پێشوازیی له‌ڕێكخراوی خوێن و ژیان كرد

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2020/2/5، لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌و مافی به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی د.سه‌باح زێباری سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و راوێژكارانی لیژنه‌كه‌ پێشوازیى له‌ستافی ڕێكخراوی خوێن و ژیان كرد.
له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا ڕێكخراوه‌كه‌ یاداشتێكیان پێشكه‌ش به‌لیژنه‌كه‌ كردو تیایدا داوای رێكخستنى پرۆسه‌ی خوێنبه‌خشین ده‌كه‌ن له‌ هه‌رێمی كوردستانداو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ڕه‌شنووسێكیان پێشكه‌ش به‌لیژنه‌ی ته‌ندروستی كردو دواتر گفتوگۆكرا له‌سه‌ر گرنگیی پرۆسه‌ی خوێنبه‌خشین له‌هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی تووشی ڕووداوێك ده‌بن یان نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی گه‌وه‌ره‌یان بۆ ئه‌نجام ده‌درێت یاخود نه‌خۆشیی درێژخایه‌نیان هه‌یه‌ وه‌ك تالاسیمیاو هاوشێوه‌كانیان، كه‌خۆشبه‌ختانه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان به‌شێوازی جیاجیا گرووپ و ڕێكخراوی زۆر هه‌ن له‌و بواره‌ كار ده‌كه‌ن و خوێنده‌به‌خشن و ژیانی كه‌سانی تر له‌مردن ڕزگار ده‌كه‌ن.
سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ش وێڕای ده‌ستخۆشی له‌كاری ڕێكخراوه‌كه‌ هاوكات به‌ڵێنی هه‌موو پشتگیرییه‌كیان پێدان و ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد هه‌ر كارێك كه‌ خزمه‌ت به‌مرۆڤایه‌تی و كاری خۆبه‌خشی و كه‌رتی ته‌ندروستی بكات به‌گرنگییه‌وه‌ لێى ده‌ڕوانن و ئامانجی سه‌ره‌كیی لیژنه‌كه‌ به‌ره‌وپێشبردنی كه‌رتی ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تیی هاووڵاتییانه‌.