Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ده‌سپاكی بانگهێشتی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌سپاكیی هه‌رێم ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندیدار به‌كارى لیژنه‌كه‌، پێشنیوه‌ڕی ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 2020/2/26، لیژنه‌ی ده‌سپاكی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی شیرین ئه‌مین سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و ئه‌ندامان و راوێژكارانی لیژنه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌و نوسراو و سكاڵاو داواكارییانه‌ی ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌ كرابوون خوێندرانه‌وه‌و دوای گفتوگۆی ئه‌ندامان كاری پێویستیان له‌سه‌ر كراو ئه‌وانه‌ی پێویستییان به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ هه‌بوو وه‌ڵامدرانه‌وه‌و ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كران به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و چاره‌سه‌ركردنیان.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا هه‌فته‌ی داهاتوو بانگهێشتی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌سپاكی بكرێت له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پرسی په‌یوه‌ندیدار به‌كاره‌كانی ده‌سته‌و ده‌رئه‌نجامی چه‌ند دۆسییه‌ك كه‌ پێشر ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌ كراون، هه‌روه‌ها بڕیاردرا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌ گه‌یاندن ئه‌نجامبدرێت له‌سه‌ر بابه‌تی پێوه‌ری ئاوی ماڵان.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لیژنه‌ بڕیاریدا له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا بانگهێشتی وه‌زیرى خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی بكات بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر چه‌ند كه‌یسێكی گه‌نده‌ڵی له‌ هه‌ندێ له‌ زانكۆكانی هه‌رێمدا.