Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی شه‌هیدان له‌گه‌ڵ وه‌زیرى شه‌هیدان كۆبووه‌وه‌

به‌مه‌به‌ستى چۆنیه‌تیى هێنانه‌وه‌ى رووفاتى ئه‌نفالكراوان و ئاگاداربوون له‌كێشه‌و گرفته‌كانى به‌رده‌م زیندانیانى سیاسى و چه‌ند پرسێكى تر، پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 2020/2/24، لیژنه‌ى كاروبارى شه‌هیدان و جینۆسایدو زیندانیانى سیاسى له‌په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیى سوسن محه‌مه‌د میرخان سه‌رۆكى لیژنه‌و ئاماده‌بوونى جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامان و راوێژكارانى لیژنه‌كه‌و د.ڤالا فه‌رید وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان، پێشوازیى له‌ عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود وه‌زیرى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى حكومه‌تى هه‌رێم و به‌ڕێوه‌به‌رانى گشتیى وه‌زاره‌تى شه‌هیدان كرد.
له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا هێنانه‌وه‌ى رووفاتى ئه‌نفالكراوانى كورد له‌ گۆڕه‌به‌كۆمه‌ڵه‌كانى سه‌ماوه‌و چۆنیه‌تیى ئاماده‌كارییه‌كانى وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان بۆ ئه‌م بابه‌ته‌و رێكاره‌كانى گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.
له‌به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا یاده‌كانى ئادارو نیسان و چۆنیه‌تیى هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان هه‌ردوولاو دۆزینه‌وه‌ى میكانیزمێكى گونجاو بۆ یادكردنه‌وه‌ى ئه‌و كاره‌سات و تراژیدیایانه‌ى كه‌ به‌سه‌ر گه‌لى كوردستاندا هاتوون گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا .
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ته‌واوى ئه‌و پرسیارانه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه‌ ئاڕاسته‌ى لیژنه‌كه‌ كرابوون خرایه‌ به‌رده‌م وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ئه‌وانیش به‌پێی رێنمایی و یاساكان وه‌ڵامى لیژنه‌كه‌یان دایه‌وه‌.