Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ گفتوگۆ له‌سه‌ر یاسای مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری ده‌كه‌ن

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 2020/2/26، لیژنه‌ ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی سه‌لمه‌ فاتح سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و راوێژكارانی لیژنه‌كه‌ پێشوازیى له‌ زیا بترس سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ و شاندی یاوه‌ری كرد.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ له‌سه‌ر داوای لیژنه‌كه‌ ڕێكخرابوو گفتوگۆكرا له‌سه‌ر یاسای به‌ده‌ستهێنانی زانیاری و به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی، سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ كۆمه‌ڵێك سه‌رنج و تێبینییان له‌سه‌ر كارا نه‌بوونی یاساكه‌ وه‌ك خۆی و گه‌یاندنی زانیارییه‌كان به‌ هاوڵاتیان خسته‌ڕوو.
دواتر سه‌رۆكی ده‌سته‌ وه‌ڵام و ڕوونكردنه‌وه‌ی پێوستی خسته‌ به‌رده‌م ئه‌ندامانی لیژنه‌و كه‌موكوڕی و به‌ربه‌سته‌كانی خسته‌ڕوو .
هه‌ردوولا هاوڕابوون كه‌ده‌بێت ڕێگرییه‌كان و كه‌م وكوڕییه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌ئاینده‌دا ڕێكبخرێت له‌نێوان لیژنه‌ی ڕۆشنبیری په‌رله‌مان و ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ و فه‌رمانگه‌ی میدیاو زانیاریی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و گفتوگۆ بكرێت له‌سه‌ر یاساكه‌و هۆكاری جێبه‌جێنه‌كردنی بڕگه‌و ماده‌كان و ڕێنماییه‌كان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كانی هه‌رێم كوردستان.